عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
2
ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل.
3
ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە.
4
خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر.
5
لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
6
ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
7
«”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم.
8
دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9
«”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن.
10
نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
11
«”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم[a] لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو[b] . دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.
12
«”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە.
13
هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
14
«”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن.
15
کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن،
16
نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە[c] . بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“
17
«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە.
18
گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن.
19
پیو[d] دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە.
20
جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
21
«شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان.
22
جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم.
23
هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران.
24
بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.
25
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم.
26
جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون.
27
ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم.
28
ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم.
29
چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
  1. a. 39‏:11 واتا ڕێبواران.‏
  2. b. 39‏:11 دەریای مردوو: عیبری دەریا.‏
  3. c. 39‏:16 هەمۆنا: واتا ئاپۆرەی سوپا.‏
  4. d. 39‏:19 پیو: واتا بەز.‏