عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم.
 - 2
 - ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل.
 - 3
 - ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە.
 - 4
 - خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر.
 - 5
 - لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 6
 - ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
 - 7
 - «”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم.
 - 8
 - دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 9
 - «”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن.
 - 10
 - نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 11
 - «”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم[a]  لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو[b] . دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.
 - 12
 - «”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە.
 - 13
 - هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 14
 - «”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن.
 - 15
 - کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن،
 - 16
 - نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە[c] . بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“
 - 17
 - «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە.
 - 18
 - گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن.
 - 19
 - پیو[d] دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە.
 - 20
 - جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
 - 21
 - «شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان.
 - 22
 - جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم.
 - 23
 - هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران.
 - 24
 - بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.
 - 25
 - «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم.
 - 26
 - جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون.
 - 27
 - ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم.
 - 28
 - ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم.
 - 29
 - چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
 
- a. 39:11 واتا ڕێبواران.
 - b. 39:11 دەریای مردوو: عیبری دەریا.
 - c. 39:16 هەمۆنا: واتا ئاپۆرەی سوپا.
 - d. 39:19 پیو: واتا بەز.
 

