عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا 
1
هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، لوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک لوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
2
ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»
فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
3
بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان.
4
پێش ئەوەی بخەون، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەوری ماڵەکەیان دا.
5
ئینجا لوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان تاکو لاقەیان بکەین.»
6
لوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست.
7
گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن.
8
من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
9
ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەم پیاوە خۆی وەک بێگانەیەک هاتووەتە نێومانەوە، کەچی دەیەوێت ببێتە دادوەر بەسەرمانەوە. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر فشاریان بۆ لوت هێنا و هاتنە پێشەوە تاکو دەرگاکە بشکێنن.
10
بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و لوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست.
11
ئەو پیاوانەشیان کوێر کرد کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکیان کەوت و نەیانتوانی دەرگاکە بدۆزنەوە.
12
ئینجا دوو پیاوەکە بە لوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە؟ زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسێکی دیکەت لەم شارەدا هەیە، بیانبە دەرەوە،
13
چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاوار لە دژی خەڵکەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بۆیە ئێمەی ناردووە تاکو وێرانی بکەین.»
14
ئیتر لوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەستگیرانی کچەکانی کرد و گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی دەستگیرانی کچەکانی.
15
لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە لوت کرد و پێیان فەرموو: «خێرا بکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
16
بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان.
17
هەرکە هێنایاننە دەرەوەی شارەکە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
18
بەڵام لوت پێی گوتن: «نا، گەورەم!
19
خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم.
20
تەماشای ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
21
ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم.
22
بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[a] .
23
کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، لوت گەیشتە ناو زۆعەر.
24
ئینجا یەزدان لە ئاسمانەوە گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند.
25
هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد.
26
بەڵام ژنی لوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
27
بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا لەبەردەم یەزدان وەستابوو[b] .
28
تەماشای سەدۆم و عەمۆرا و هەموو دەشتەکەی دەوروبەری کرد و بینی وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
29
کاتێک خودا شارۆچکەکانی دەشتەکەی وێران کرد، ئیبراهیمی هاتەوە یاد[c] و لوتی لەو کارەساتە هێنایە دەرەوە کە بەسەر ئەو شارانەدا هێنای کە ئەوی تێدا دەژیا.
لوت و کچەکانی 
30
ئینجا لوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون.
31
کچە گەورەکەی لوت بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە و هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەین و منداڵمان ببێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە،
32
بۆیە وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و سەرجێیی لەگەڵ بکەین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
33
ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
34
بۆ ڕۆژی دواتر کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ من شەو لەگەڵ باوکم سەرجێییم کرد. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.»
35
ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و سەرجێیی لەگەڵ کرد. ئەویش نە بە سەرجێییەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
36
ئیتر هەردوو کچەکەی لوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو.
37
گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب[d] . ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ.
38
هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەن‌عەمی[e] . ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
  1. a. 19‏:22 زۆعەر واتا بچووک.‏
  2. b. 19‏:27 هۆکاری وەستانەکەی بۆ پاڕانەوە بووە لە خودا.‏
  3. c. 19‏:29 بڕوانە 8‏:1‏.‏
  4. d. 19‏:37 مۆئاب واتا لە باوکەوە.‏
  5. e. 19‏:38 بەن‌عەمی واتا کوڕی گەلی باوکم.‏