عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ 
1
ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو. بۆ ماوەیەک لە گرار مایەوە.
2
ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
3
ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
4
ئەبیمەلەخ کە هێشتا لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟
5
ئەی ئیبراهیم پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
6
خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت.
7
ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەیگەڕێنیتەوە، ئەوا بزانە کە بێگومان خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن دەمرن.»
8
ئەبیمەلەخ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەو شتانەی پێ گوتن کە ڕوویاندابوو، ئەوانیش زۆر ترسان.
9
ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە نابێت بکرێت، بە منت کرد.»
10
ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «بۆچی ئەم کارەت کرد؟»
11
ئیبراهیمیش گوتی: «لەبەر ئەوەی بە خۆمم گوت: ”هیچ لەخواترسێک لەم شوێنەدا بوونی نییە و لەبەر ژنەکەم من دەکوژن.“
12
لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم.
13
کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”بەم شێوەیە دەتوانیت خۆشەویستی خۆتم نیشان بدەیت: چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
14
ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە.
15
ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «وا زەوییەکەم لەبەردەم تۆیە، کوێت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
16
بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو[a] دەدەمە براکەت. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئابڕووبردنەیە کە بەرامبەر تۆ لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن ئەنجامم دا؛ ئیتر تۆ تەواو ڕووسپیت.»
17
ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو،
18
چونکە یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە، هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، بە تەواوی بەستبووی.
  1. a. 20‏:16 نزیکەی 12 کیلۆگرام.‏