عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جامە زیوەکەی نێو هەگبەکە 
1
ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی.
2
جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.
3
کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن.
4
هێشتا زۆر لە شار دوور نەکەوتبوونەوە، کە یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟
5
ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ کارێکی خراپتان کردووە.“»
6
ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن.
7
بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن.
8
ئێمە تەنانەت ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟
9
لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»
10
ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»
11
ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە.
12
ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە!
13
ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.
14
کاتێک یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، هێشتا یوسف لەوێ بوو، ئیتر کڕنۆشیان بۆ برد.
15
یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»
16
یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین؟ خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»
17
بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»
18
ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. لە خزمەتکاری خۆت تووڕە مەبە، هەرچەندە تۆ وەک خودی فیرعەونیت.
19
گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“
20
ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی کە لە تەمەنی پیریدا بۆی بووە. برای ئەو کوڕە مردووە و ئێستا خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە. باوکیشی خۆشی دەوێت.“
21
«تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن تاکو بە چاوی خۆم بیبینم.“
22
ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“
23
بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەیەت، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“
24
ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.
25
«پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“
26
بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین. تەنها مەگەر ئەو کاتەی برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت، ئینجا بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە پیاوەکە بکەوێت ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ نەبێت.“
27
«خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە،
28
یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە.
29
خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“
30
«ئێستاش ئەگەر بەبێ کوڕەکە بچمەوە بۆ لای باوکم کە خزمەتکاری ئێوەیە و گیانی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە،
31
ببینێت کوڕەکە دیار نییە، بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەری سپی باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووانەوە،
32
چونکە خزمەتکارەکەی ئێوە دەستەبەری سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“
33
«ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە.
34
چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم ئەگەر کوڕەکەم لەگەڵ نەبێت؟ تکایە مەهێڵە ئەم مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»