عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - جامە زیوەکەی نێو هەگبەکە
 - 1
 - ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی.
 - 2
 - جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.
 - 3
 - کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن.
 - 4
 - هێشتا زۆر لە شار دوور نەکەوتبوونەوە، کە یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟
 - 5
 - ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ کارێکی خراپتان کردووە.“»
 - 6
 - ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن.
 - 7
 - بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن.
 - 8
 - ئێمە تەنانەت ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟
 - 9
 - لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»
 - 10
 - ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»
 - 11
 - ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە.
 - 12
 - ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە!
 - 13
 - ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.
 - 14
 - کاتێک یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، هێشتا یوسف لەوێ بوو، ئیتر کڕنۆشیان بۆ برد.
 - 15
 - یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»
 - 16
 - یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین؟ خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»
 - 17
 - بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»
 - 18
 - ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. لە خزمەتکاری خۆت تووڕە مەبە، هەرچەندە تۆ وەک خودی فیرعەونیت.
 - 19
 - گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“
 - 20
 - ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی کە لە تەمەنی پیریدا بۆی بووە. برای ئەو کوڕە مردووە و ئێستا خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە. باوکیشی خۆشی دەوێت.“
 - 21
 - «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن تاکو بە چاوی خۆم بیبینم.“
 - 22
 - ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“
 - 23
 - بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەیەت، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“
 - 24
 - ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.
 - 25
 - «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“
 - 26
 - بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین. تەنها مەگەر ئەو کاتەی برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت، ئینجا بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە پیاوەکە بکەوێت ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ نەبێت.“
 - 27
 - «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە،
 - 28
 - یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە.
 - 29
 - خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“
 - 30
 - «ئێستاش ئەگەر بەبێ کوڕەکە بچمەوە بۆ لای باوکم کە خزمەتکاری ئێوەیە و گیانی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە،
 - 31
 - ببینێت کوڕەکە دیار نییە، بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەری سپی باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووانەوە،
 - 32
 - چونکە خزمەتکارەکەی ئێوە دەستەبەری سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“
 - 33
 - «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە.
 - 34
 - چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم ئەگەر کوڕەکەم لەگەڵ نەبێت؟ تکایە مەهێڵە ئەم مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»
 

