عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - سزای ئیسرائیل
 - 1
 - ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان
دڵخۆش و شاد مەبە،
چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،
حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد
لەسەر هەموو جۆخینەکان[a] . - 2
 - جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،
شەرابی نوێش بەشیان ناکات. - 3
 - لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،
بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و
لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن. - 4
 - شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و
قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.
ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و
هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.
نانەکەیان بۆ خۆیانە و
ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە. - 5
 - لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،
لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟ - 6
 - تەنانەت ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،
میسر کۆیان دەکاتەوە و
مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.
دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و
وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت. - 7
 - ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،
ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.
با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.
لەبەر زۆری تاوانەکەت و
زۆری کێشمەکێشت،
پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و
مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت. - 8
 - پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،
بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،
کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی. - 9
 - ئەوان نوقوم بوون،
وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،
خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و
لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات. - 10
 - «ئیسرائیلم دۆزییەوە
وەک ترێ لە چۆڵەوانی،
لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی
وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.
بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعلپەعۆر و
خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،
ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون. - 11
 - ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،
نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە. - 12
 - تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،
جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.
قوڕبەسەریان
کاتێک پشتیان تێدەکەم. - 13
 - ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە
لە لەوەڕگا ڕواوە،
بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی
بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.» - 14
 - ئەی یەزدان، بیاندەرێ،
چییان پێدەدەیت؟
منداڵدانێکی لەباربردە و
دوو مەمکی وشک. - 15
 - «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال
من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.
لەبەر کردەوە خراپەکانیان
لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.
ئیتر خۆشم ناوێن،
هەموو میرەکانیان یاخین. - 16
 - ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،
ڕەگیان وشک بوو،
بەر ناگرن.
ئەگەر منداڵیشیان ببێت،
منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.» - 17
 - خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،
چونکە گوێیان لێی نەگرت،
لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن. 
- a. 9:1 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.
 

