عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروشێک سەبارەت بە میسر 
1
سروشێک سەبارەت بە میسر:
ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە
بەرەو میسر دێت.
بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن،
دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.
2
«میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم،
هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات،
هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی،
شار لە دژی شار و
شانشین لە دژی شانشین.
3
میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت،
ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم،
داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن،
لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.
4
میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و
پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،»
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.
5
ئاوی نیل وشک دەبێت،
ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.
6
نۆکەندەکان بۆن دەکەن،
لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن.
قامیش و زەل بۆگەن دەبن،
7
سەوزایی لەسەر نیل،
لە ڕێژگەی[a] ڕووبارەکە.
هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە
وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.
8
ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن،
هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە[b] ناو نیلەوە،
ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە
ورەیان نامێنێت.
9
کرێکارەکان لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن،
جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.
10
جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و
هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.
11
بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن:
دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە.
چۆن بە فیرعەون دەڵێن:
«کوڕی دانایانم من،
کوڕی[c] پاشا دێرینەکان»؟
12
کەواتە کوا داناکانت؟
با پێت بڵێن و با بزانن،
یەزدانی سوپاسالار
پلانی چی داناوە لە دژی میسر.
13
میرانی چۆعەن گێل بوون،
میرانی مەمفیس چەواشە کران،
پیاوماقوڵانی هۆزەکانی
میسریان گومڕا کرد.
14
یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە،
میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی
وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.
15
هیچ کارێک نابێت لە میسر
کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.
16
لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە.
17
میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.
18
لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر»[d] .
19
لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان.
20
جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات.
21
ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر[e] بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن.
22
یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.
23
لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن.
24
لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە.
25
ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»
  1. a. 19‏:7 ‏ئەو شوێنەی ڕووبار دەڕژێتە ناو دەریا.‏
  2. b. 19‏:8 دەهاوێژنە.‏
  3. c. 19‏:11 لەم ڕستەیەدا کوڕ بە واتای پەروەردەی بەردەست دێت، نەک پەیوەندی کوڕ و باوکایەتی.‏
  4. d. 19‏:18 بڕوانە یەرمیا 43‏:13‏‏. بە یۆنانی هیلیۆپۆلیس، مەبەست لە شاری خۆرە لە میسر، کە ئێستا پێی دەگوترێ (میسری نوێ).‏
  5. e. 19‏:21 نەزر: داوا لە خودا دەکەیت بۆ ئەنجامدانی کارێک، کارەکە پابەند دەکەیت بە مەرجێکەوە. داوا دەکەیت ئەگەر خودا ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدات، ئەوا دەرئەنجام منیش ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەم. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏