عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەزدان زەوی وێران دەکات 
1
ئەوەتا یەزدان لە داهاتوودا زەوی چۆڵ دەکات،
بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
2
کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
گەورە وەک کۆیلەکەی،
خانم وەک کەنیزەکەی،
کڕیار وەک فرۆشیار،
بەخشەر وەک وەرگر،
قەرزدەر وەک قەرزار.
3
زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
4
زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
جیهان داهێزرا و سیس بوو،
گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
5
زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
فەرزەکانیان پێشێل کرد و
پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
6
لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
دانیشتووانەکەی سزادران.
لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
خەڵکێکی کەم مایەوە.
7
شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
8
دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
9
بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
10
شاری وێران تێکشکاوە،
هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
11
لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
دوورخرایەوە شادی زەوی.
12
ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
لێدانی دەروازەش کاولییە.
13
ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
لەنێو گەلان،
وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
14
ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
15
لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
لە دوورگەکانی دەریاشەوە
ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.
16
لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
«شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
قوڕبەسەرم!
ناپاکان ناپاکییان کرد!
ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
17
ترس و چاڵ و تەڵە
بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
18
ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
دەکەوێتە چاڵەکەوە و
ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
بە تەڵەکەوە دەبێت.
بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
بناغەکانی زەوی هەژان.
19
زەوی بە شکان دەشکێت،
زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
زەوی بە لەقین دەلەقێت.
20
زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
جۆلانە دەکات وەک کەپر لەبەردەم با.
یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
21
لەو ڕۆژەدا یەزدان
سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
22
بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
وەک دیل لە بەندیخانە و
لە گرتووخانە توند دەکرێن و
دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
23
مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.