عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەزدان زەوی وێران دەکات
- 1
- ئەوەتا یەزدان لە داهاتوودا زەوی چۆڵ دەکات،
 بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
 دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
- 2
- کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
 گەورە وەک کۆیلەکەی،
 خانم وەک کەنیزەکەی،
 کڕیار وەک فرۆشیار،
 بەخشەر وەک وەرگر،
 قەرزدەر وەک قەرزار.
- 3
- زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
 بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
 یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
- 4
- زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
 جیهان داهێزرا و سیس بوو،
 گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
- 5
- زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
 چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
 فەرزەکانیان پێشێل کرد و
 پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
- 6
- لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
 دانیشتووانەکەی سزادران.
 لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
 خەڵکێکی کەم مایەوە.
- 7
- شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
 هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
- 8
- دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
 هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
 قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
- 9
- بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
 مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
- 10
- شاری وێران تێکشکاوە،
 هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
- 11
- لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
 خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
 دوورخرایەوە شادی زەوی.
- 12
- ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
 لێدانی دەروازەش کاولییە.
- 13
- ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
 لەنێو گەلان،
 وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
 وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
- 14
- ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
 بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
- 15
- لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
 لە دوورگەکانی دەریاشەوە
 ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل بەرز بکەنەوە.
- 16
- لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
 «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
 جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
 قوڕبەسەرم!
 ناپاکان ناپاکییان کرد!
 ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
- 17
- ترس و چاڵ و تەڵە
 بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
- 18
- ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
 دەکەوێتە چاڵەکەوە و
 ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
 بە تەڵەکەوە دەبێت.
 بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
 بناغەکانی زەوی هەژان.
- 19
- زەوی بە شکان دەشکێت،
 زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
 زەوی بە لەقین دەلەقێت.
- 20
- زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
 جۆلانە دەکات وەک کەپر لەبەردەم با.
 یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
 دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
- 21
- لەو ڕۆژەدا یەزدان
 سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
 لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
- 22
- بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
 وەک دیل لە بەندیخانە و
 لە گرتووخانە توند دەکرێن و
 دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
- 23
- مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
 چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
 لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
 شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.

