عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوڕبەسەر شارەکەی داود 
1
قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل[a]
ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!
ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،
با جەژنەکان بسوڕێنەوە.
2
منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،
جا دەبێت بە گریان و شیوەن و
بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای[b] لێدێت،
3
وەک بازنە دەورت دەدەم،
بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و
سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.
4
جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،
قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،
دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،
قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.
5
ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و
ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.
لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،
6
لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە،
بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
7
وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی،
8
وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات،
بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە،
بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.
9
بحەپەسێن و سەرسام بن!
خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
10
یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.
11
جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»
12
یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»
13
جا پەروەردگار دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و
بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن،
بەڵام دڵیان لێم دوورە،
پەرستنیان بۆ من
تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.
14
لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە
کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،
دانایی داناکانی لەناودەبەم و
تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»
15
قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە
بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،
کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و
دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»
16
ئای لە هاڵاوگێڕیتان،
ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک
تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:
«تۆ دروستت نەکردم»؟
یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:
«تێناگەیت»؟
17
ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
باخیش بە دارستان دانانرێت؟
18
جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
چاوی نابیناکان دەبینن.
19
زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
20
زۆردار لەناودەچێت و
گاڵتەجاڕ نەمێنێت و
هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە.
21
ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.
22
لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:
«ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
23
کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
لەنێویاندا دەبینن،
وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا[c] دەنێن،
لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
24
ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
  1. a. 29‏:1 ئەریێل ئەو ناوە شیعرییەیە کە بۆ ئۆرشەلیم بەکاردەهێنرا، واتای ناوەکە: شێری خودا.‏
  2. b. 29‏:2 ‏لە زمانی عیبری هەمان وشەی ئەریێل بەکارهاتووە بە واتایەکی دیکە. بڕوانە ئایەتی 1.‏
  3. c. 29‏:23 پیرۆزەکەی یاقوب: مەبەست لە خودای پیرۆزی یاقوبە.‏