عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قوڕبەسەر شارەکەی داود
- 1
- قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل[a] 
 ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!
 ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،
 با جەژنەکان بسوڕێنەوە.
- 2
- منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،
 جا دەبێت بە گریان و شیوەن و
 بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای[b] لێدێت،
- 3
- وەک بازنە دەورت دەدەم،
 بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و
 سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.
- 4
- جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،
 قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،
 دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،
 قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.
- 5
- ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و
 ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.
 لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،
- 6
- لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
 بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی بەرزەوە،
 بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
- 7
- وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
 ئاپۆرەی هەموو نەتەوە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
 هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
 لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی،
- 8
- وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات،
 بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
 وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە،
 بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
 ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
 لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.
- 9
- بحەپەسێن و سەرسام بن!
 خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
 بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
 بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
- 10
- یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
 بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
 هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.
- 11
- جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.»
- 12
- یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»
- 13
- جا پەروەردگار دەفەرموێت:
 «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە هەر بە دەم نزیک دەبنەوە و
 بە لێوەکانیان ڕێزم لێ دەگرن،
 بەڵام دڵیان لێم دوورە،
 پەرستنیان بۆ من
 تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.
- 14
- لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە
 کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،
 دانایی داناکانی لەناودەبەم و
 تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»
- 15
- قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە
 بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،
 کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و
 دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»
- 16
- ئای لە هاڵاوگێڕیتان،
 ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک
 تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:
 «تۆ دروستت نەکردم»؟
 یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:
 «تێناگەیت»؟
- 17
- ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
 باخیش بە دارستان دانانرێت؟
- 18
- جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
 لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
 چاوی نابیناکان دەبینن.
- 19
- زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
 نەدارانیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
- 20
- زۆردار لەناودەچێت و
 گاڵتەجاڕ نەمێنێت و
 هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری دەبڕێنەوە.
- 21
- ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
 لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
 بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.
- 22
- لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:
 «ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
 ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
- 23
- کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
 لەنێویاندا دەبینن،
 وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
 دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا[c] دەنێن،
 لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
- 24
- ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
 بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»
- a. 29:1 ئەریێل ئەو ناوە شیعرییەیە کە بۆ ئۆرشەلیم بەکاردەهێنرا، واتای ناوەکە: شێری خودا.
- b. 29:2 لە زمانی عیبری هەمان وشەی ئەریێل بەکارهاتووە بە واتایەکی دیکە. بڕوانە ئایەتی 1.
- c. 29:23 پیرۆزەکەی یاقوب: مەبەست لە خودای پیرۆزی یاقوبە.

