عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا
- 1
- ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار،
 یەزدانی سوپاسالار،
 بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
 پاڵپشتی و پشتگیری،
 هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
- 2
- پاڵەوان و جەنگاوەر،
 دادوەر و پێغەمبەر،
 فاڵگرەوە و پیر،
- 3
- سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
 ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
- 4
- مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
 منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
- 5
- گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
 هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
 مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
 چروکیش لە سەنگین.
- 6
- پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
 لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
 «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
 ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
- 7
- بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە:
 «نابم بە چارەساز،
 نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە.
 مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
- 8
- ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
 یەهوداش دەکەوێت،
 چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
 بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
- 9
- دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
 وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
 نایشارنەوە.
 قوڕبەسەریان،
 چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
- 10
- بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
 چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
- 11
- قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
 چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
- 12
- منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
 ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
 گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
 لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن.
- 13
- یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
 هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
- 14
- یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
 لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
 «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
 تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە.
- 15
- ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
 ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
- 16
- یەزدان دەفەرموێت:
 «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
 گەردنیان دەرخستووە و
 بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
 بە لارولەنجەوە دەڕۆن
 بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
- 17
- لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
 یەزدان ڕووتییان دەردەخات.»
- 18
- لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،
- 19
- گوارە و بازن و پەچە،
- 20
- سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،
- 21
- ئەنگوستیلە و خەزێم،
- 22
- جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و
- 23
- ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
- 24
- جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و
 لە جێی کەمەربەند، گوریس و
 لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و
 لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[a] لەبەر دەکەن،
 نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
- 25
- پیاوەکانتان بە شمشێر و
 پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
- 26
- جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
 بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
- a. 3:24 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.

