عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تەنگانە و یارمەتی
- 1
- قوڕبەسەرت ئەی تێکدەر،
 کە تێکیان نەدایت!
 قوڕبەسەرت ئەی ناپاک،
 کە ناپاکییان لێ نەکردوویت!
 کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت،
 خۆت تێکدەدرێیت؛
 کاتێک لە ناپاکی بوویتەوە،
 خۆت ناپاکیت لێ دەکرێت.
- 2
- ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە،
 هیوامان بە تۆیە.
 هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و
 هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.
- 3
- لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد،
 کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.
- 4
- ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات،
 وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.
- 5
- یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە،
 سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.
- 6
- یەزدان دەبێتە مایەی دڵنیایی کاتەکانت.
 گەنجینەی ڕزگاری و دانایی و زانینە،
 لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.
- 7
- ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن،
 نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.
- 8
- ڕێگاکان چۆڵ بوون،
 بڕانەوە ڕێبواران.
 پەیمان شکا و
 شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و
 کەس بە هیچ دانانرێت.
- 9
- زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
 لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا،
 شارۆن وەک بیابانی عەراڤای[a] لێهات،
 باشان و کارمەل ڕووتانەوە.
- 10
- یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم،
 ئێستا بە گەورە دەزانرێم،
 ئێستا بڵند دەکرێمەوە.
- 11
- بە گیا دووگیان دەبن و
 کاتان دەبێت،
 هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.
- 12
- گەلان دەبن بە گەچ،
 وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
- 13
- ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە،
 ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!
- 14
- گوناهباران لە سییۆن تۆقین،
 گڵاوەکان لەرز دایگرتن:
 «کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟
 کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»
- 15
- ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و
 ڕاستی دەڵێت،
 ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و
 ڕێگری دەکات لە دەستەکانی بۆ وەرگرتنی بەرتیل،
 ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و
 لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،
- 16
- ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت،
 قەڵای چیاکان پەناگایەتی،
 نانی دەدرێت و
 ئاوی مسۆگەرە.
- 17
- چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت،
 سنوورێکی فراوان دەبینن.
- 18
- دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت:
 «کوا خامەی نهێنی[b] و کوا باجگر؟
 کوا بەرپرسی قوللەکان؟»
- 19
- ئیتر گەلی دڕندە نابینن،
 گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن،
 زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.
- 20
- بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان،
 چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن،
 ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە.
 سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن،
 هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.
- 21
- بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت.
 شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت.
 کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و
 کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.
- 22
- یەزدان دادوەرمانە،
 یەزدان فەرزدانەرمانە،
 یەزدان پاشامانە،
 ئەو ڕزگارمان دەکات.
- 23
- گوریسەکانت شل بوون،
 بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن،
 چارۆکە بڵاو ناکەنەوە.
 ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا،
 شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.
- 24
- دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،»
 ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.

