عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نەخۆشی حەزقیا
- 1
- لەو ڕۆژانەی[a]  حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
- 2
- حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد،
- 3
- گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
- 4
- جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
- 5
- «بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و
- 6
- فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور.
- 7
- «”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا:
- 8
- ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار.
- 9
- نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە:
- 10
- گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا
 من دەچم بۆ جیهانی مردووان،
 چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟»
- 11
- گوتم: «یەزدان نابینم
 لە خاکی زیندوواندا،
 لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم
 لەسەر ڕووی زەوی.
- 12
- خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت
 وەک خێوەتی شوانان،
 وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و
 لە تەونەکەمدا بڕیمەوە،
 شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
- 13
- بە ئارامییەوە هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ دەکەم،
 بەڵام وەک شێر ئێسکم ورد دەکات،
 شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
- 14
- وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم،
 وەکو کۆتر دەگمێنم،
 چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم.
 وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!»
- 15
- ئیتر چی بڵێم؟
 ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی.
 بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم
 لەبەر تاڵاوی گیانم.
- 16
- ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین،
 ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە.
 تۆ منت چاککردەوە و
 ژیانت پێ بەخشیم.
- 17
- بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە
 تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت.
 لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت
 لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد،
 چونکە هەموو گوناهەکانی منت
 فڕێدایە پشت خۆتەوە.
- 18
- جیهانی مردووان سوپاست ناکات و
 مردووانیش ستایشت ناکەن،
 هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن
 هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
- 19
- زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن،
 باوکان دڵسۆزی تۆ
 بە منداڵەکانیان دەناسێنن.
- 20
- یەزدان ڕزگارم دەکات،
 هەموو ڕۆژانی ژیانمان
 مۆسیقا دەژەنین
 لە پەرستگای یەزدان.
- 21
- ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.»
- 22
- حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
- a. 38:1 مەبەست لەو ڕۆژانەیە پێش ڕووداوەکانی بەشی 36.

