عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە!
 بەرگی هێزت لەبەر بکە،
 ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز،
 بەرگی جوانیت بپۆشە،
 چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت
 خەتەنەنەکراو و گڵاو.
- 2
- ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و
 خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە.
 ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن،
 کۆتەکانی ملت بکەرەوە.
- 3
- ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «بەخۆڕایی فرۆشران،
 بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»
- 4
- هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ،
 لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»
- 5
- یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟
 «گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و
 فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن،
 بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش
 کفر بە ناوی من دەکرێت.
- 6
- لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن،
 لەو ڕۆژەدا دەزانن
 ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.»
 یەزدان دەفەرموێت.
- 7
- چەند جوانە لەسەر چیاکان
 پێیەکانی مزگێنیدەران،
 ڕاگەیەنەری ئاشتی،
 مزگێنیدەری خۆشی،
 ڕاگەیەنەری ڕزگاری،
 ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن:
 «خودات پاشایەتی دەکات!»
- 8
- گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن،
 پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن،
 بە چاوی خۆیان دەبینن
 کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
- 9
- ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم،
 پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن،
 چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات،
 بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
- 10
- یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات
 لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان،
 هەر چوار لای زەویش
 ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.
- 11
- ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان،
 جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە!
 دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن!
 لەناوی وەرنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
- 12
- بەڵام بە پەلە دەرناچن،
 بە هەڵاتن ناڕۆن،
 چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات،
 خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.
- ئازارچێژتنی بەندەی یەزدان
- 13
- ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات،
 بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
- 14
- وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما،
 دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو،
 وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو،
- 15
- ئاوا زۆر لە نەتەوەکان لێی سەرسام دەبن،
 لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن،
 چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن،
 ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.

