عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناه، دانپێدانان و کڕینەوە 
1
بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن،
گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
2
بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست
لەنێوان ئێوە و خوداتان،
گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە
تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
3
لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و
پەنجەکانیشتان بە تاوان،
لێوەکانتان بە درۆ دوان و
زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
4
کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و
کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات.
پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن.
بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
5
هێلکەی ماریان هەڵهێنا،
تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن.
ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت،
ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
6
تەونەکانیان نابێتە بەرگ و
خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن،
کردارەکانیان کرداری خراپەن و
کردەوەی دەستیان ستەمە.
7
پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە،
وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
8
ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان.
ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد،
هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.
9
لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوور کەوتەوە و
ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
10
وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
11
هەموومان وەک ورچ دەبۆڕێنین،
وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
بە هیوای ڕزگارین،
بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.
12
بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
13
یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
14
دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتووە و
ڕێگا نادرێت ڕاستگۆیی بێتە ژوورەوە.
15
ڕاستی ون بووە و
ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.
یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
کە دادپەروەری نەبوو.
16
بینی کەس نەبوو،
سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
17
ڕاستودروستی وەک زرێ[a] لەبەرکرد و
کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
18
بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
19
خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
20
«ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن،
بۆ لای ئەوانە لە نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
21
یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،»
یەزدان دەفەرموێت.
  1. a. 59‏:17 جلێکی ئاسنینە بۆ پاراستنی سنگی سەرباز لە کاتی جەنگدا. بڕوانە ئەفەسۆس 6‏:14‏‏.‏