عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دادوەری و ڕزگاری
- 1
- «من دەرکەوتم بۆ ئەوانەی کە داوای منیان نەکرد،
 دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان.
 بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن،
 فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“
- 2
- بە درێژایی ڕۆژ دەستم
 بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت،
 بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە،
 بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.
- 3
- گەلێک بەردەوام
 بەرەو ڕووم پەستم دەکەن،
 گەلێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت،
 لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،
- 4
- ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت،
 لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات،
 گۆشتی بەراز دەخوات و
 لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.
- 5
- دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە،
 چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“
 ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا،
 ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.
- 6
- «ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە:
 بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە،
 سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،
- 7
- لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،»
 یەزدان دەفەرموێت.
 «لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و
 لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد،
 کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و
 سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»
- 8
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،
 جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،
 چونکە خێروبێری تێدایە،“
 ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم
 بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
- 9
- بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،
 لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.
 جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و
 بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
- 10
- جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و
 دۆڵی عاخۆریش[a] بە مۆڵگای مانگا،
 بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.
- 11
- «بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و
 کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،
 خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و
 بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
- 12
- چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و
 هەمووتان بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،
 لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،
 قسەم کرد و گوێتان نەگرت
 بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،
 ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»
- 13
- لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،
 بەڵام ئێوە برسی دەبن،
 ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،
 بەڵام ئێوە تینوو دەبن،
 ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،
 بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
- 14
- ئەوەتا لە دڵخۆشیدا
 بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،
 بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و
 لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
- 15
- لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان
 وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و
 یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،
 بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
- 16
- ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،
 بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و
 ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات
 بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،
 چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و
 لەبەرچاوم شاردرانەوە.
- ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ
- 17
- «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
 زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
 ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
 نە بە مێشکدا دێنەوە.
- 18
- بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
 لەوەی من بەدی دەهێنم،
 چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
 دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
- 19
- بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
 بە گەلی خۆم شاد دەبم،
 چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
- 20
- «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
 نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
 چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت
 بە گەنج دادەنرێت و
 ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی
 وەک نەفرەت لێکراو دەبینرێت.
- 21
- خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
 ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
- 22
- خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
 ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
 چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
 وەک ڕۆژانی دار[b] دەبێت و
 هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
 لە کردارەکانی دەستیان.
- 23
- بەخۆڕایی ماندوو نابن و
 بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
 چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
 وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
- 24
- جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
 هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
- 25
- گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
 شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
 بەڵام نانی مار خۆڵە.
 لە هەموو کێوی پیرۆزم
 نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
 یەزدان دەفەرموێت.
- a. 65:10 \+tl عاخۆر\+tl* وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع 7:24.
- b. 65:22 مەبەست لەو دارانەیە کە تەمەنیان زۆر درێژە.

