عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر
- 1
- ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:
- 2
- «یەهودا شیوەن دەگێڕێت و
 شارەکانی دادەڕزێن،
 بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،
 هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
- 3
- گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،
 هاتنە سەر ئەمباراوەکان،
 بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.
 بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،
 شەرمەزار و ڕیسوا بوون،
 سەری خۆیان شۆڕکرد.
- 4
- لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،
 چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،
 جوتیاران شەرمەزاربوون،
 سەری خۆیان شۆڕکرد.
- 5
- تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا
 بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،
 چونکە گیا نەبوو.
- 6
- کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،
 وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،
 چاویان شل بوو،
 چونکە گیاوگۆڵ نییە.»
- 7
- لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،
 ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،
 چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،
 دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
- 8
- ئەی هیوای ئیسرائیل،
 ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،
 بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،
 وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
- 9
- بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،
 وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟
 ئەی یەزدان، تۆ لە ناوەڕاستمانی و
 ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،
 بەجێمان مەهێڵە!
- 10
- یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:
 «بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،
 خۆیان لێ نەپاراست.
 جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،
 ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و
 لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»
- 11
- هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە.
- 12
- هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»
- 13
- منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»
- 14
- یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.»
- 15
- لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن.
- 16
- ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.
- 17
- «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:
 «”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن
 بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،
 چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،
 برینێکی ترسناکی هەیە،
 لێدانێکی جەرگبڕ.
- 18
- ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،
 بە شمشێر کوژراوان دەبینم.
 ئەگەر بێمە ناو شار،
 نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،
 چونکە پێغەمبەر و کاهینیش
 بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»
- 19
- «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟
 ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟
 بۆچی وا تووشی بەڵات کردین
 کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟
 چاوەڕێی ئاشتی بووین،
 بەڵام چاکە نەهات،
 هەروەها کاتی چاکبوونەوە،
 بەڵام ئەوەتا ترس.
- 20
- ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و
 تاوانی باوباپیرانمان،
 گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
- 21
- لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،
 تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،
 پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،
 مەیشکێنە.
- 22
- ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟
 یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟
 ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟
 جا هیوامان بە تۆیە،
 چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»

