عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر 
1
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:
2
«یەهودا شیوەن دەگێڕێت و
شارەکانی دادەڕزێن،
بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،
هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
3
گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،
هاتنە سەر ئەمباراوەکان،
بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.
بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،
شەرمەزار و ڕیسوا بوون،
سەری خۆیان شۆڕکرد.
4
لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،
چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،
جوتیاران شەرمەزاربوون،
سەری خۆیان شۆڕکرد.
5
تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا
بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،
چونکە گیا نەبوو.
6
کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،
وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،
چاویان شل بوو،
چونکە گیاوگۆڵ نییە.»
7
لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،
ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،
چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،
دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
8
ئەی هیوای ئیسرائیل،
ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،
بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،
وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
9
بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،
وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟
ئەی یەزدان، تۆ لە ناوەڕاستمانی و
ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،
بەجێمان مەهێڵە!
10
یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:
«بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،
خۆیان لێ نەپاراست.
جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،
ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و
لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»
11
هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە.
12
هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»
13
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»
14
یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.»
15
لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن.
16
ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.
17
«ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:
«”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن
بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،
چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،
برینێکی ترسناکی هەیە،
لێدانێکی جەرگبڕ.
18
ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،
بە شمشێر کوژراوان دەبینم.
ئەگەر بێمە ناو شار،
نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،
چونکە پێغەمبەر و کاهینیش
بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»
19
«ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟
ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟
بۆچی وا تووشی بەڵات کردین
کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟
چاوەڕێی ئاشتی بووین،
بەڵام چاکە نەهات،
هەروەها کاتی چاکبوونەوە،
بەڵام ئەوەتا ترس.
20
ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و
تاوانی باوباپیرانمان،
گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
21
لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،
تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،
پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،
مەیشکێنە.
22
ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟
یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟
ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟
جا هیوامان بە تۆیە،
چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»