عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وازهێنانی ئیسرائیل لە خودا 
1
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2
«بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و
خۆشەویستی کاتی بووکێنیت،
بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی،
بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
3
ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو،
یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی.
هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد،
بەڵایان بەسەردا هات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
5
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی
کە لێم دوور کەوتنەوە؟
چوون دوای بتی پووچ کەوتن و
خۆیان پووچ کرد.
6
پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین،
ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد،
بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا،
بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ،
بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو،
کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
7
ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت
بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن.
بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد،
میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
8
کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:
”کوا یەزدان؟“
ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم،
ڕابەرەکان لێم یاخی بوون،
پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد،
دوای بتی پووچ کەوتن.»
9
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم،
منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
10
لە کەنارەکانی کیتیم[a] بپەڕنەوە و ببینن،
بنێرن بۆ قێدار[b] و بە وردی سەرنج بدەن،
ببینن ئاخۆ شتی وەک ئەمە بووە؟
11
ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟
هەرچەندە خودا نین.
بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە
بە بتی پووچ.
12
ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت،
موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13
«گەلەکەم دوو خراپەی کردووە:
وازیان لە من هێنا،
من کە کانی ئاوی ژیانم،
هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند،
ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.
14
ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟
بۆچی بوو بە تاڵانی؟
15
بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان،
دەنگیان هات،
خاکەکەیان وێران کردووە،
شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
16
هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس
تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
17
ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد،
کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا
کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
18
ئێستا بۆچی دەچیتە میسر
بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟
ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور
بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
19
خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و
هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات.
جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە،
کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و
ترسی منت لە دڵدا نییە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
20
«تۆ لە کۆنەوە نیری[c] خۆتت شکاندووە،
کۆتەکانت پساندووە،
گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“
تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و
لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا
وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
21
من وەک شامێوێک
لە نایابترین جۆر تۆم چاند،
ئیتر چۆن لێم گۆڕایت،
گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
22
هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت،
زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت،
هێشتا لەکەی تاوانەکەت لەبەردەممە.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
23
«ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم،
دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“
تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە،
بزانە چیت کردووە.
تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
24
وەک کەرەکێوییەکەی کە فێری چۆڵەوانیت،
لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت،
لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟
هەموو ئەوانەی داوای دەکەن
بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
25
ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و
گەرووت وشک بێت.
بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە!
نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە،
دوای ئەوان دەکەوم.“
26
«وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت،
ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون،
خۆیان و پاشا و میر و
کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
27
هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکی منیت“ و
بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“
پشتیان تێ کردم
نەک ڕوو،
بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:
”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
28
ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟
با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن!
ئەی یەهودا،
خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»
29
یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟
هەمووتان لێم یاخی بوون،
30
بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا،
تەمبێکردنیان وەرنەگرت،
شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد،
وەک شێرێکی لەناوبەر.
31
«ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن:
«ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی،
یان خاکی تاریک و تنۆک؟
بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین،
ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
32
ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات،
یان بووک جلی بووکێنی؟
بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار
منیان لەبیر کرد.
33
تۆ چەند لێزانیت لە گەڕان بەدوای خۆشەویستیدا!
تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
34
هەروەها بە جلەکانتەوە دەبینرێت،
خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان،
هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت.
بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
35
دەڵێیت: ”من بێتاوانم،
خودا لە من تووڕە نییە.“
بەڵام دادگاییت دەکەم،
چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
36
بۆچی زۆر دەگەڕێیت
بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟
هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت،
وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
37
هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و
وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە[d] دەبن،
چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە،
بەوان سەرکەوتوو نابیت.»
  1. a. 2‏:10 قوبرس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای.‏
  2. b. 2‏:10 ناوچەی هۆزەکانی بەدوو لە بیابانی عەرەبستان و سوریا.‏
  3. c. 2‏:20 مەبەستی لە ڕەتکردنەوەی ڕێنمایی و دەسەڵاتی خودایە.‏
  4. d. 2‏:37 نیشانەی شەرمەزاری.‏