عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان
- 1
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە،
- 2
- بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە.
- 3
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘
- 4
- ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی.
- 5
- بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 6
- یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:
 «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
 وەک لووتکەی لوبنانی،
 بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
 وەک شاری بێ دانیشتووان.
- 7
- تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
 هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
 جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
 فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.
- 8
- «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“
- 9
- جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
- 10
- بۆ پاشا مردووەکە[a]  مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
 بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
 چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
 بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.
- 11
- سەبارەت بە شەلومی[b] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە ئێرە،
- 12
- بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
- 13
- «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
 ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
 ئەوەی بێگاری بە هاوڵاتییان دەکات،
 هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
- 14
- دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
 ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
 پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
 دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
 بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.
- 15
- «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
 کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
 ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
 ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
 جا سەرکەوتوو بوو.
- 16
- بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
 جا سەرکەوتوو بوو.
 ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 17
- «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
 لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
 لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
 لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»
- 18
- لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:
 «بۆی نالاوێننەوە،
 ”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
 بۆی نالاوێننەوە،
 ”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
- 19
- بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
 ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
 دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
- 20
- «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
 با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
 لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
 چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
- 21
- لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
 بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
 لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
 کە گوێڕایەڵی من نابیت.
- 22
- هەموو شوانەکانت[c]  با بەڕێوەیان دەبات و
 هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
 ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
 لەبەر هەموو خراپەکانت.
- 23
- ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[d] ،
 ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
 چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
 وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
- 24
- یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و
- 25
- دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان.
- 26
- خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن.
- 27
- هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
- 28
- ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
 ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
 بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
 تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
- 29
- ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
- 30
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
 پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
 کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
 کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
 جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
- a. 22:10 مەبەستی لە یۆشیا پاشایە.
- b. 22:11 شەلوم: بە یەهۆئاحازیش ناودەبردرێت.
- c. 22:22 شوانەکانت مەبەست لە ڕابەرەکانە.
- d. 22:23 مەبەستی لە کۆشکی شاهانەی ئۆرشەلیمە. بڕوانە ئایەتی 6، 7، 15، هەروەها یەکەم پاشایان 7:2.

