عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
بگەڕێوە لای من.
ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
گومڕا نابیت،
2
ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
شانازی بەوەوە دەکەن.»
3
یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
«زەوی بەیارتان بکێڵن و
لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
4
ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[a] بکەن،
دڵتان خەتەنە بکەن،
نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
بەڵایەک لە باکوورەوە 
5
«لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
6
ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
تێکشکانێکی گەورە.»
7
شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
شارۆچکەکانت کاول دەبن
بێ ئاوەدانی دەبن.
8
لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[b] لەبەر بکەن،
لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
9
یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
کاهینەکان دەحەپەسێن و
پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
10
جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
11
لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،
12
بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
13
تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
14
ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
15
دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
16
«نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
17
لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
چونکە لە من یاخی بوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18
«ڕەفتار و کردەوەکانت
ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
چەند تاڵە!
چونکە گەیشتە دڵت.»
19
ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
20
کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
21
هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
22
«گەلەکەم گێلە و
من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
23
تەماشای زەویم کرد،
بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
ڕووناکییەکەی نەمابوو.
24
تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
هەموو گردەکانیش لەق بوون.
25
تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون،
26
تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
27
سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«هەموو زەوی وێران دەبێت،
بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
28
لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
29
لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
30
تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
ئەوان داوای گیانت دەکەن.
31
هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[c] هەنسک دەدات،
دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
  1. a. 4‏:4 ‏مەبەستی لە تەرخانکردنی دڵە بۆ دڵسۆزی بەرامبەر بە یەزدان.‏
  2. b. 4‏:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  3. c. 4‏:31 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏