عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
 بگەڕێوە لای من.
 ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
 گومڕا نابیت،
- 2
- ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
 سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
 ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
 شانازی بەوەوە دەکەن.»
- 3
- یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
 «زەوی بەیارتان بکێڵن و
 لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
- 4
- ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
 خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[a] بکەن،
 دڵتان خەتەنە بکەن،
 نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
 لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
 بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
- بەڵایەک لە باکوورەوە
- 5
- «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
 ”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
 بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
 با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
- 6
- ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
 خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
 چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
 تێکشکانێکی گەورە.»
- 7
- شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
 تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
 لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
 بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
 شارۆچکەکانت کاول دەبن
 بێ ئاوەدانی دەبن.
- 8
- لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[b]  لەبەر بکەن،
 لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
 چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
 هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
- 9
- یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
 پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
 کاهینەکان دەحەپەسێن و
 پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
- 10
- جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
- 11
- لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە،
- 12
- بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
- 13
- تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
 گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
 ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
 قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
- 14
- ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
 هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لە ناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
- 15
- دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
 کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
- 16
- «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
 با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
 ”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
 بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
- 17
- لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
 چونکە لە من یاخی بوون.“»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 18
- «ڕەفتار و کردەوەکانت
 ئەمەیان پێکردیت،
 ئەمە سزاکەتە،
 چەند تاڵە!
 چونکە گەیشتە دڵت.»
- 19
- ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
 من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
 دڵم ژان دەکات!
 دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
 چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
- 20
- کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
 هەموو خاکەکە وێران بوو.
 لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
 لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
- 21
- هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
 گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
- 22
- «گەلەکەم گێلە و
 من ناناسێت.
 ئەوان کوڕی دەبەنگن،
 ئەوان تێنەگەیشتوون،
 ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
 بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
- 23
- تەماشای زەویم کرد،
 بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
 بەرەو ئاسمانیش،
 ڕووناکییەکەی نەمابوو.
- 24
- تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
 هەموو گردەکانیش لەق بوون.
- 25
- تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
 باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتبوون،
- 26
- تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
 هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
 لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
- 27
- سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
 «هەموو زەوی وێران دەبێت،
 بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
- 28
- لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
 ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
 لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
 بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
- 29
- لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
 هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
 هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
 هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
 هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
 هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
- 30
- تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
 بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
 خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
 بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
 بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
 لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
 ئەوان داوای گیانت دەکەن.
- 31
- هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
 لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
 دەنگی سییۆنی کچ[c] هەنسک دەدات،
 دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
 «وەی لە من! دەبوورێمەوە،
 گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
- a. 4:4 مەبەستی لە تەرخانکردنی دڵە بۆ دڵسۆزی بەرامبەر بە یەزدان.
- b. 4:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
- c. 4:31 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.

