عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر[a] دەوروژێنم
 لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای[b] .
- 2
- بێگانەکان دەنێرمە بابل
 بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی،
 لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن
 لە ڕۆژی بەڵای ئەودا.
- 3
- ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت،
 ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت.
 دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن،
 بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن[c] .
- 4
- کوژراوان لە بابل دەکەون،
 بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی،
- 5
- چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون
 لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە،
 هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە
 لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
- 6
- «لە بابلەوە هەڵێن!
 هەرکەسێک با خۆی دەرباز بکات!
 بە تاوانی ئەو لەناونەچن،
 چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان،
 ئەو سزای شایستەی دەدات.
- 7
- بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە،
 هەموو زەوی سەرخۆش کرد.
 نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە،
 لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون.
- 8
- لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت.
 واوەیلای بۆ بکەن!
 هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن،
 بەڵکو چاک بێتەوە.
- 9
- «”بابلمان تیمار کرد،
 بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە.
 وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان،
 چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان،
 هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“
- 10
- «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست،
 وەرن با لە سییۆن
 باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“
- 11
- «تیرەکان تیژ بکەن،
 قەڵغانەکان هەڵبگرن!
 یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە،
 چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت.
 یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە،
 تۆڵەی پەرستگاکەی.
- 12
- لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن!
 پاسەوانیێتی توند بکەن،
 چاودێر دابنێن،
 بۆسە بنێنەوە!
 خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی،
 بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل.
- 13
- ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان،
 خاوەن گەنجینەی زۆر،
 کۆتاییت هات،
 کاتی لەناوچوونت.»
- 14
- یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد:
 «بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە سەرباز، وەک ڕەوە کوللە،
 هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.»
- 15
- «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
 بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
 بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
- 16
- کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
 هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
 بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
 با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
- 17
- «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
 هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە،
 چونکە داڕێژراوی درۆن و
 ڕۆحیان تێدا نییە.
- 18
- ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
 لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
- 19
- بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
 چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
 هۆزی[d] میراتی ئەویشی داناوە،
 یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
- 20
- «تۆ گورزی منی،
 چەکەکانی جەنگی منی،
 بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم،
 بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم،
- 21
- بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
 بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
- 22
- بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم،
 بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم،
 بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم،
- 23
- بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم،
 بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم،
 بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم.
- 24
- «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی بابل دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 25
- «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
 تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
 «دەست درێژ دەکەمە سەرت،
 لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە،
 دەتکەمە کێوێکی سووتاو.
- 26
- ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک[e] ،
 نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان،
 چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 27
- «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە،
 لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن.
 نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن،
 ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن:
 ئارارات و مینی و ئەشکەنەز،
 ڕابەرێک لە دژی دابنێن،
 وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن.
- 28
- نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن،
 پاشاکانی ماد،
 پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و
 هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان.
- 29
- ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت،
 چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی،
 بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات،
 ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت.
- 30
- پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا،
 لە قەڵاکان دانیشتن.
 هێزیان لەبەر بڕا،
 وەک ژنیان لێهات.
 نشینگەکانیان سووتێنرا،
 شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا.
- 31
- نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و
 پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە،
 بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن
 کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون،
- 32
- ڕووبارەکان[f]  دەستیان بەسەردا گیرا،
 زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران،
 جەنگاوەرەکان تۆقین.»
- 33
- یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
 «شاری بابل وەک جۆخینێکە
 کاتی گێرەیەتی،
 پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.»
- 34
- «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد،
 ئومێدبڕی کردین،
 ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ.
 وەک ئەژدیها هەڵیلووشین،
 سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە،
 ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.»
- 35
- دانیشتووانەکەی سییۆن دەڵێن:
 «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.»
 ئۆرشەلیم دەڵێت:
 «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلە.»
- 36
- لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
 «ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم،
 تۆڵەی تۆ دەکەمەوە،
 دەریاکەی[g] وشک دەکەم،
 کانییەکانی کوێر دەکەمەوە.
- 37
- بابل دەبێتە تەپۆڵکە و
 داڵدەی چەقەڵ،
 پەند و مایەی تانە و تەشەر،
 شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە.
- 38
- پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن،
 وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن.
- 39
- کاتێک گەرم دەبن،
 داوەتیان دەکەم و
 سەرخۆشیان دەکەم،
 بۆ ئەوەی دڵخۆش بن،
 ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 40
- «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین
 وەک بەران و نێری.
- 41
- «شێشەخ[h]  چۆن دەگیرێت،
 شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت!
 چۆن وێران بوو،
 بابل لەنێو نەتەوەکان!
- 42
- دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت،
 بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت.
- 43
- شارۆچکەکانی وێران بوون،
 بوونە بیابان و دەشتی ڕووت،
 خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و
 نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت.
- 44
- لە بابل سزای بێل دەدەم و
 ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە.
 ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن،
 هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت.
- 45
- «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە!
 هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات!
- 46
- ورە بەرمەدەن و مەترسن،
 کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن،
 هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە،
 هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و
 فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا.
- 47
- لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت
 سزای بتەکانی بابل دەدەم،
 هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و
 کوژراوەکانی لە ناوەڕاستی دەکەون.
- 48
- ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە
 هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن،
 چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن،
 تەفروتوناکەرەکان.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 49
- «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت،
 وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی
 بەهۆی بابلەوە کەوتن.
- 50
- ئەی دەربازبووان لە شمشێر،
 بڕۆن و مەوەستن!
 لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە،
 بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»
- 51
- «شەرمەزار بووین،
 چونکە ڕیسوا بووین و
 شەرم ڕووی داپۆشین،
 چونکە بێگانەکان هاتنە ناو
 پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.»
- 52
- یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
 بتەکانی سزا دەدەم،
 لە هەموو خاکەکەیدا
 بریندارەکان دەناڵێنن.
- 53
- تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش،
 ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات،
 تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.»
 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 54
- «دەنگی هاوار دێت لە بابل،
 دەنگی شکستێکی گەورە
 لە خاکی بابلییەکان.
- 55
- یەزدان بابل تەفروتونا دەکات،
 کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت.
 شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت،
 دەنگیان هاژەی دێت.
- 56
- تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل،
 پاڵەوانەکانی دەگیرێن،
 کەوانەکانیان دەشکێنرێت،
 چونکە یەزدان خودای سزادانە،
 بە تەواوی سزا دەدات.
- 57
- میر و دانا و پارێزگار و
 فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم،
 هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
 ئەوە فەرمایشتی ئەو پاشایەیە کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
- 58
- یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
 «شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن،
 دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن.
 گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و
 ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.»
- 59
- ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل.
- 60
- هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک،
- 61
- بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە،
- 62
- ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“
- 63
- کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات.
- 64
- ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“»
 هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.
- a. 51:1 با یان ئامرازێک بۆ لەناوبردنیان.
- b. 51:1 واتا خاکی کلدانییەکان، مەبەستی لە بابلە.
- c. 51:3 لەناو دەبن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
- d. 51:19 بڕوانە 10:12-16.
- e. 51:26 بەردی قولینچک: بەردێکی گەورە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.
- f. 51:32 مەبەستی لە پرد و شوێنی پەڕینەوەیە لە ڕووبارەکان.
- g. 51:36 خەڵک لەو باوەڕەدا بوون کە لەبن زەوی دەریایەک هەبوو وەکو سەرچاوەی ئاو.
- h. 51:41 ناوی نهێنی بابل بووە.

