عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و
چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،
جا شەو و ڕۆژ دەگریام
بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
2
خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە،
جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم،
چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و
کۆمەڵی ناپاکانن.
3
«زمانیان ئامادە دەکەن
وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ،
بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون،
بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو،
چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە،
بەڵام دان بە مندا نانێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4
«با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی،
پشت بە هیچ برایەک مەبەستن،
چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە[a] و
هەموو برادەرێک بوختانکەرە.
5
هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات،
کەس بە ڕاستی نادوێت.
زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە،
خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.
6
تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت،
بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7
لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە،
لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.
8
زمانیان تیری کوشندەیە و
بە دەمیان فێڵ دەکەن.
هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“،
بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.
9
ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10
بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم،
بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە،
چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت،
دەنگی مێگەل نابیسترێت،
باڵندەکانی ئاسمان ڕایانکرد،
ئاژەڵەکان ڕۆیشتن.
11
«ئۆرشەلیم وێران دەکەم،
دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ،
شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە
بەبێ دانیشتووان.»
12
کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟
13
یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون.
14
لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.»
15
لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم.
16
بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»
17
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،
بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
18
با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،
چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و
پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
19
دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،
”چۆن تێکدراین!
چەند شەرمەزار بووین!
چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،
چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»
20
ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.
کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،
هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
21
مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،
هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،
بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و
لاوان لە گۆڕەپانەکان.
22
بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،
وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،
وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،
کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»
23
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،
با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،
با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
24
بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:
کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،
کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و
دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،
چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25
یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون،
26
خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی[b] دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە[c]
  1. a. 9‏:4 بڕوانە چیرۆکی یاقوب لە پەیدابوون 27‏:36‏‏.‏
  2. b. 9‏:26 خەڵکێک بوون وەک نەریتێکی بتپەرستی پرچیان بڕیوە.‏
  3. c. 9‏:26 هەرچەندە بنەماڵەی ئیسرائیل جەستەیان خەتەنەکراوە، بەڵام ڕۆحیان تەرخان نەکراوە بۆ یەزدان.‏