عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ئامادەکردنی عیسا بۆ مردن
 - 1
 - شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێتعەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
 - 2
 - لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە.
 - 3
 - مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێیەکانی عیسای پێ چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
 - 4
 - یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی:
 - 5
 - «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار[a] نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟»
 - 6
 - ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژارانی دەخوارد، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، لەو پارەیەی دەبرد کە تێیدا دادەنرا.
 - 7
 - عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو،
 - 8
 - چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
 - 9
 - کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.
 - 10
 - ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن،
 - 11
 - چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
 - کەژاوەی پاشایانە
 - 12
 - بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم.
 - 13
 - لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:
«هۆسانا![b] ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾[c] »
«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!» - 14
 - عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:
 - 15
 - ﴿ئەی شاری سییۆن[d]  مەترسە،
ئەوەتا پاشاکەت دێت
بە سواری جاشی ماکەرێک.﴾[e] - 16
 - سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا[f] ، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کردووە.
 - 17
 - هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا.
 - 18
 - لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە.
 - 19
 - فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت! ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»
 - مردن دەرگایە بۆ ژیان
 - 20
 - هەندێک یۆنانی[g] لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن.
 - 21
 - ئەوان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێتسەیدای جەلیل و پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.»
 - 22
 - فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.
 - 23
 - عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە.
 - 24
 - ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات.
 - 25
 - ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت.
 - 26
 - ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»
 - عیسا باسی مردنی خۆی دەکات
 - 27
 - «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە[h] ڕزگارم بکە“؟ بەڵام نەخێر، من بۆ ئەم کاتە هاتووم.
 - 28
 - ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»
جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» - 29
 - ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو و گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»
 - 30
 - عیسا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو.
 - 31
 - ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت.
 - 32
 - کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.»
 - 33
 - ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.
 - 34
 - خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
 - 35
 - عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات.
 - 36
 - باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
 - 37
 - هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا،
 - 38
 - تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:
﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد و
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟﴾[i] - 39
 - لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
 - 40
 - ﴿چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.﴾[j] - 41
 - ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
 - 42
 - هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن،
 - 43
 - چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
 - ڕووناکی باوەڕ
 - 44
 - ئینجا عیسا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی،
 - 45
 - ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی.
 - 46
 - من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
 - 47
 - «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم.
 - 48
 - ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات.
 - 49
 - من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم.
 - 50
 - دەزانم ڕاسپاردەی ئەو خەڵکی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەبات، هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم.»
 
- a. 12:5 یەک دینار کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.
 - b. 12:13 لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش.
 - c. 12:13 زەبوورەکان 118:25،26.
 - d. 12:15 مەبەست لە خەڵکی ئۆرشەلیمە.
 - e. 12:15 زەکەریا 9:9
 - f. 12:16 مەبەستی لە لەخاچدان و هەستانەوەی عیسایە.
 - g. 12:20 مەبەستی ئەوانەیە کە جولەکە نین.
 - h. 12:27 کاتی ئازاری لەخاچدان.
 - i. 12:38 ئیشایا 53:1
 - j. 12:40 ئیشایا 6:10
 

