عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - یەکەم پەرجووی عیسا
 - 1
 - لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو.
 - 2
 - عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکرابوون.
 - 3
 - کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»
 - 4
 - عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»
 - 5
 - ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»
 - 6
 - شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت[a] .
 - 7
 - جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.
 - 8
 - ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»
ئەوانیش بردیان. - 9
 - کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و
 - 10
 - پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»
 - 11
 - ئەو پەرجووەی[b]  عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو کە بەهۆیەوە شکۆی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.
 - 12
 - دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.
 - پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا
 - 13
 - کە جەژنی پەسخەی[c] جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم.
 - 14
 - لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون.
 - 15
 - قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد،
 - 16
 - ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»
 - 17
 - جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: ﴿دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.﴾[d] 
 - 18
 - جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»
 - 19
 - عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»
 - 20
 - ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟»
 - 21
 - بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد.
 - 22
 - لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە[e]  و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.
 - 23
 - کاتێک عیسا لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان[f] بینی کە دەیکرد.
 - 24
 - بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی.
 - 25
 - ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.
 
- a. 2:6 یۆنانی: دوو یان سێ مێترێتێس، یەکەیەکی پێوانەیە.
 - b. 2:11 پەرجوو: موعجیزە.
 - c. 2:13 جەژنێکی جولەکەیە، یادی ڕزگاربوونی گەلی ئیسرائیلە لە میسر، بە ڕابەرایەتی موسا. نزیکەی 1400 ساڵ پ. ز.
 - d. 2:17 زەبوورەکان 69:9
 - e. 2:22 مەبەست لە تەورات و زەبوور و وتەی پێغەمبەرانە.
 - f. 2:23 یۆنانی: نیشانە. لەلای یۆحەنا پەرجووەکانی (موعجیزەکانی) مەسیح نیشانە بوون بۆ تێگەیشتن لە پەیامی مەسیح. بڕوانە یۆحەنا 20:30.
 

