عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - چاککردنەوەی کەسێکی بە زگماک نابینا
 - 1
 - کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو.
 - 2
 - قوتابییەکانی لێیان پرسی و گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟»
 - 3
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت.
 - 4
 - هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات.
 - 5
 - ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.»
 - 6
 - ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە و چاوی پیاوەکەی پێ سواخ دا.
 - 7
 - پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتا نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
 - 8
 - ئینجا دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟»
 - 9
 - هەندێک گوتیان: «خۆیەتی.»
هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت.»
بەڵام ئەو پیداگریی دەکرد و دەیگوت: «من ئەوم.» - 10
 - ئینجا لێیان پرسی: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»
 - 11
 - وەڵامی دایەوە: «پیاوێک پێی دەگوترێ عیسا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: ”بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ.“ منیش ڕۆیشتم، خۆمم شوشت و پاشان چاوەکانم بینییان.»
 - 12
 - لێیان پرسی: «ئەو لەکوێیە؟»
گوتی: «نازانم.» - 13
 - جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان.
 - 14
 - ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو.
 - 15
 - لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.»
 - 16
 - هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.[a] »
بەڵام هەندێکی دیکە گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی بەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان. - 17
 - دیسان لە نابیناکەیان پرسی: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟»
گوتی: «پێغەمبەرە.» - 18
 - ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد.
 - 19
 - لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»
 - 20
 - دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو.
 - 21
 - بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.»
 - 22
 - دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن.
 - 23
 - لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.»
 - 24
 - دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.»
 - 25
 - کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»
 - 26
 - لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»
 - 27
 - وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»
 - 28
 - جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین.
 - 29
 - دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.»
 - 30
 - کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە.
 - 31
 - ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت.
 - 32
 - هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە.
 - 33
 - ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»
 - 34
 - پێیان گوت: «تۆ بە تەواوی لە گوناه لەدایک بوویت. تۆ فێرمان دەکەیت؟» جا دەریانکردە دەرەوە[b] .
 - 35
 - عیسا بیستی دەریانکردووە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە کوڕی مرۆڤ دەکەیت؟»
 - 36
 - کابرا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»
 - 37
 - عیسا پێی فەرموو: «تۆ ئەوت بینیوە، ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا قسەت لەگەڵ دەکات.»
 - 38
 - ئەویش گوتی: «گەورەم، باوەڕ دەکەم.» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
 - 39
 - عیسا فەرمووی: «بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم جیهانە، تاکو ئەوانەی نابینان ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن.»
 - 40
 - هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو، لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»
 - 41
 - عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر ئێوە کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن: ”دەبینین،“ لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە.»
 
- a. 9:16 بەگوێرەی ڕاسپاردەی تەوراتی موسا نابێت لە ڕۆژی شەممە هیچ کارێک بکرێت، جولەکە زۆر بە توندی پەیڕەویان دەکرد. بڕوانە دەرچوون 20:8-11.
 - b. 9:34 دەرکردن لە کەنیشت و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو جولەکەیەک.
 

