عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- «لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
 بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
 بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
- 2
- بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
 تێمبگەیەنە بۆچی دادگاییم دەکەیت.
- 3
- ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
 ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
 بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
- 4
- ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
 ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
- 5
- ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
 یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
- 6
- بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
 چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
- 7
- هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
 کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
- 8
- «دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
 ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
- 9
- لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
 ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
- 10
- ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
 وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
- 11
- بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
 بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
- 12
- ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
 چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
- 13
- «بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
 من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
- 14
- ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
 لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
- 15
- ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
 ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
 چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
 زەلیلی خۆم بینی.
- 16
- ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
 دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
- 17
- شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
 تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
 یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
- 18
- «ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
 خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
- 19
- وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
 لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
- 20
- ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
 بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
- 21
- پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
 بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
- 22
- خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
 سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
 خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»

