عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - قسەی سێیەمی ئەیوب
- 1
- ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
- 2
- «ڕاستە، دەزانم کە وایە.
 جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
- 3
- ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
 ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
- 4
- خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە.
 کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
- 5
- هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
 ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
- 6
- زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
 جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
- 7
- فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
 بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
- 8
- خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
 بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
- 9
- دروستکەری کەلووەکانی[a]  ورچ و ڕاوچی و
 حەوتەوانە[b] و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
- 10
- کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
 هێندە پەرجوو[c] کە لە ژماردن نایەن.
- 11
- کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
 کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
- 12
- ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
 کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
- 13
- خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
 یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ[d] لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
- 14
- «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
 چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
- 15
- ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
 بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
- 16
- ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
 باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
- 17
- بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
 بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
- 18
- ناهێڵێت هەناسە بدەم،
 بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
- 19
- ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
 ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
- 20
- ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
 ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
- 21
- «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
 بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
 ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
- 22
- ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
 لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
- 23
- ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
 بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.
- 24
- کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
 ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات،
 ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
- 25
- «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
 گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
- 26
- وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
 هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
- 27
- ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
 واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
- 28
- لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
 چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
- 29
- من تاوانبار دەکرێم،
 ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
- 30
- ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
 دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
- 31
- لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
 تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
- 32
- «ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
 لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
- 33
- خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
 دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
- 34
- تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
 ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
- 35
- ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
 چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»
- a. 9:9 مەبەستی بورجەکانە، هەریەک لەمانە لە چەند ئەستێرەیەک پێکدێن.
- b. 9:9 یەکێک لە کەلووەکانە.
- c. 9:10 پەرجوو: موعجیزە.
- d. 9:13 هێمایە بۆ میسر

