عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وەڵامی سێیەمی ئەلیفاز 
1
ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2
«ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هەیە؟
تەنانەت کەسێکی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هەیە؟
3
ئایا خۆشی تێدایە بۆ توانادارەکە کە تۆ ڕاستودروست بیت؟
ئەگەر ڕەفتارەکەشت بێ کەموکوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایە؟
4
«ئایا لەسەر لەخواترسییەکەت سەرزەنشتت دەکات و
تۆ دەداتە دادگا؟
5
ئایا خراپەکانت زۆر نین و
تاوانەکانیشت بێ کۆتایی نین؟
6
بەبێ هۆ بارمتەت لە برای خۆت وەرگرت و
جلت لەبەر داکەند ڕووتت کردەوە.
7
ئاوت نەدا بە تینوو و
ئامادە نەبووی نان بدەیتە برسی،
8
هەرچەندە تۆ خاوەن زەوی و پیاوێکی بە توانا بووی،
کە وەک کەسێکی ناودار تێدا نیشتەجێ بوو.
9
بێوەژنانت بە دەستبەتاڵی بەڕێکرد و
دەستی هەتیوانت شکاند.
10
لەبەر ئەوە چواردەورت تەڵەیە و
ترسی لەناکاو دەتتۆقێنێت،
11
لەبەر ئەوەش ئەوەندە تاریک بووە کە نابینیت و
لافاوێک داتدەپۆشێت.
12
«ئایا خودا لە بەرزی ئاسمان نییە؟
سەیری لووتکەی ئەستێرەکان بکە چەند خۆیان بڵند گرتووە!
13
بەڵام تۆ دەڵێیت: ”خودا چی دەزانێت؟
ئایا لە پشت هەوری ڕەشەوە دادوەری دەکات؟
14
هەورەکان پەردەن بۆ ئەو ئیتر نامانبینێت
کە بەسەر بازنەی ئاسمان هاتوچۆ دەکات.“
15
ئایا تۆش بەو ڕێگا کۆنەدا دەڕۆیت
کە خراپەکاران پێیدا ڕۆیشتوون؟
16
ئەوانەی پێشوەخت دەستیان بەسەردا گیرا،
ڕووبار بەسەر بناغەکەیاندا ڕژا.
17
ئەوانەی بە خودایان گوت: ”لێمان دوور بکەوە!
خودای هەرە بەتوانا چیمان لەگەڵ دەکات؟“
18
بەڵام ئەو بوو کە ماڵەکانی ئەوانی پڕکردووە لە خێروخۆشی،
با ڕاوێژی خراپەکاران لێم دوور بێت.
19
ڕاستودروستان کە وێرانییان دەبینن، دڵخۆش دەبن،
بێگەردیش گاڵتەیان پێ دەکات:
20
”بێگومان بەرهەڵستکارانمان لەناودەچن و
سامانەکەشیان ئاگر دەیخوات.“
21
«تکایە لەگەڵ خودا ڕێک بکەوە و لە ئاشتی بە،
بەمە خێرۆخۆشیت بۆ دێت.
22
تکایە فێرکردنەکان لە دەمیەوە وەربگرە و
قسەکانی بخە دڵتەوە.
23
ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لای خودای هەرە بەتوانا بنیاد دەنرێیتەوە،
ئەگەر ستەم لە چادرەکەت دووربخەیتەوە،
24
ئەگەر زێڕ فڕێبدەیتە سەر خۆڵ و
زێڕی ئۆفیر بۆ ناو بەردی شیوەکان،
25
ئەو کاتە توانادارەکە دەبێت بە زێڕەکەت و
بە زیوی گرانبەها بۆ تۆ.
26
بێگومان ئیتر خۆشی لە توانادارەکە دەبینیت،
ڕووت لە خودا دەکەیت.
27
نوێژی بۆ دەکەیت و گوێت لێ دەگرێت،
نەزرەکانت[a] بەجێدەهێنیت.
28
بڕیار دەدەیت و بۆت جێبەجێ دەبێت،
بەسەر ڕێگاکانت ڕووناکی دەدرەوشێتەوە.
29
کاتێک خەڵک دەکەون تۆ دەڵێیت: ”هەڵیانبستێنەوە!“
ئەوا خودا ماتومەلوولەکان ڕزگار دەکات.
30
تەنانەت ئەو کەسەی کە بێگەرد نییە دەربازی دەکات،
بەهۆی دەستپاکییەکەت دەرباز دەبێت.»
  1. a. 22‏:27 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏