عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
- ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:
- 2
- «بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە،
 سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
- 3
- هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت،
 هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
- 4
- لێوەکانم بە خراپە نادوێن و
 زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
- 5
- لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە،
 هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
- 6
- دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم،
 بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.
- 7
- «با دوژمنم وەک بەدکار بێت و
 بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
- 8
- خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە،
 کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
- 9
- ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت
 کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
- 10
- یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟
 ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟
- 11
- «من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛
 کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
- 12
- ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان،
 ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟
- 13
- «ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە،
 میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
- 14
- ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و
 نەوەکەشی تێر نان نابن.
- 15
- دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و
 بێوەژنەکانیان ناگرین.
- 16
- ئەگەر زیو وەک خۆڵ و
 جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
- 17
- ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات،
 بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
- 18
- وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و
 وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
- 19
- بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛
 کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
- 20
- کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن،
 ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
- 21
- بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات،
 لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
- 22
- لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت،
 بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
- 23
- بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات،
 بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»

