عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یەزدان قسە دەکات 
1
یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
2
«ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و
ڕاوێژی من تێک دەدات؟
3
ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە،
پرسیارت لێ دەکەم و
وەڵامم بدەوە.
4
«کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟
ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.
5
کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت!
یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟
6
بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند،
یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،
7
کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و
هەموو فریشتەکان[a] هوتافیان دەکێشا؟
8
«کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد،
کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،
9
کە هەورم کردە بەرگی و
هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،
10
کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و
دەروازە و شمشیرەم[b] بۆ دانا،
11
فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛
لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟
12
«ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە،
هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،
13
هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و
بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟
14
وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت،
دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.
15
ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و
دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.
16
«ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و
بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟
17
ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون
یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟
18
ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟
ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.
19
«کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟
ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟
20
ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و
ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟
21
لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت!
بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!
22
«ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر
یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،
23
ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە،
بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟
24
لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و
بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟
25
کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و
ڕێچکە بۆ باوبۆران؟
26
بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە،
بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،
27
بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات،
وا بکات گیای لێ بڕووێت.
28
ئایا باران باوکی هەیە؟
ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟
29
بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟
شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،
30
کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و
ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟
31
«ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە[c] ببەستیت
یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟
32
ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان[d] لە کاتی خۆی دەربخەیت،
یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟
33
ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت،
یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟
34
«ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە
هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
35
ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت،
جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟
36
کێ دانایی دەبەخشێت
یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟
37
کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت
یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،
38
کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت
یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟
39
«ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت
یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
40
کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و
خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
41
کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات
کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و
لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟
  1. a. 38‏:7 عیبری: کوڕانی خودا. بڕوانە پەیدابوون 6‏:2‏‏.‏
  2. b. 38‏:10 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏
  3. c. 38‏:31 یەکێک لە کەلووەکانە.‏
  4. d. 38‏:32 مەبەستی بورجەکانە، هەریەک لە حەوتەوانە و ڕاوچی و ورچ لە چەند ئەستێرەیەک پێکدێن.‏