عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قسەی سێیەمی ئەیوب 
1
ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2
«ڕاستە، دەزانم کە وایە.
جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
3
ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
4
خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە.
کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
5
هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
6
زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
7
فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
8
خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
9
دروستکەری کەلووەکانی[a] ورچ و ڕاوچی و
حەوتەوانە[b] و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
10
کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
هێندە پەرجوو[c] کە لە ژماردن نایەن.
11
کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
12
ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
13
خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ[d] لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
14
«ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
15
ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
16
ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
17
بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
18
ناهێڵێت هەناسە بدەم،
بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
19
ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
20
ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
21
«هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
22
”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
23
ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.
24
کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات،
ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
25
«ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
26
وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
27
ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
28
لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
29
من تاوانبار دەکرێم،
ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
30
ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
31
لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
32
«ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
33
خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
34
تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
35
ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»
  1. a. 9‏:9 مەبەستی بورجەکانە، هەریەک لەمانە لە چەند ئەستێرەیەک پێکدێن.‏
  2. b. 9‏:9 یەکێک لە کەلووەکانە.‏
  3. c. 9‏:10 پەرجوو: موعجیزە.‏
  4. d. 9‏:13 هێمایە بۆ میسر‏