عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:
هێرشی کوللە 
2
ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن،
ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن.
ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە
یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟
3
ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە،
کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان،
کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.
4
ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە
کوللەی گەورە لووشیان دا،
ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە
پێکوڕە لووشیان دا،
ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە
وردە کوللەی لووشیان دا.
5
ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن!
ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە،
واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن،
چونکە لە دەمتان بڕاوە.
6
نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا،
بەهێز و بێشومارە،
ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و
کەڵبەی شێرە مێی هەیە.
7
دار مێوەکەمی وێران کردووە و
دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە،
توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە،
لقەکانی سپی بوونەوە.
8
شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش[a] پۆشیو،
بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.
9
پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
لە ماڵی یەزدان بڕایەوە،
کاهینەکان دەلاوێننەوە،
ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.
10
کێڵگەکان وێران بوون،
خاک شیوەنی گێڕا،
چونکە دانەوێڵە فەوتا،
شەرابی نوێ نەما،
ڕۆن لە هیزە بڕا.
11
ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن،
ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن،
بۆ گەنم و جۆ،
چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.
12
دار مێو وشک هەڵگەڕا و
دار هەنجیر سیس بوو،
دار هەنار و خورما و سێو،
هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان.
بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.
بانگەوازی تۆبەکردن 
13
ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە،
ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن.
ئەی خزمەتکارانی خوداکەم،
وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە،
چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.
14
ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن،
پیران کۆبکەنەوە،
هەموو دانیشتووانی خاکەکەش
بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان،
هاوار بکەن بۆ یەزدان.
15
ئای بۆ ئەو ڕۆژە!
چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیک بووەتەوە،
وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت.
16
ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟
ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟
17
تۆوی دانەوێڵەکان
لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین،
کۆگاکان چۆڵ کران،
ئەمبارەکان وێران کران،
چونکە دانەوێڵە وشک بوو.
18
ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن!
مێگەلەکان بەڕەڵا بوون،
چونکە لەوەڕگایان نییە،
تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.
19
ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم،
چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد،
گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.
20
تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە،
چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و
ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.
  1. a. 1‏:8 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  2. b. 1‏:15 لێرەدا مەبەست لە ڕووداوێکە کە دەبێتە سزای ئیسرائیل لەلایەن خوداوە لەسەر ستەمکاری و خراپەکارییان.‏