عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - فەرمانی یەزدان بۆ یەشوع
 - 1
 - ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان، یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو:
 - 2
 - «موسای بەندەم مرد، ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتا بە نەوەی ئیسرائیل.
 - 3
 - هەر شوێنێک پێی لێ بنێن، بە ئێوەی دەدەم، هەروەک بە موسام فەرموو،
 - 4
 - لە چۆڵەوانییەوە هەتا لوبنان و لە ڕووباری گەورە، ڕووباری فورات، واتا هەموو خاکی حیتییەکان هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان.
 - 5
 - لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.
 - 6
 - بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم.
 - 7
 - «تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت.
 - 8
 - پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت.
 - 9
 - ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»
 - 10
 - ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن:
 - 11
 - «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن: ”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“»
 - 12
 - پاشان یەشوع بە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشەی[b] گوت:
 - 13
 - «ئەو وشەیەی موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، بەبیری خۆتانی بهێننەوە، کە پێی ڕاگەیاندن یەزدانی پەروەردگارتان، ئێوەی حەساندەوە و ئەم خاکەی پێدان.
 - 14
 - ژن و منداڵ و ئاژەڵی ماڵیتان لەم خاکەدا دەمێننەوە کە موسا پێیدان، لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات، بەڵام هەموو جەنگاوەرە قارەمانەکان بە چەکەوە لەپێش براکانتانەوە دەپەڕنەوە. یارمەتی براکانتان دەدەن
 - 15
 - هەتا یەزدان وەک ئێوە براکانتان دەحەسێنێتەوە و ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەدا دەگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ. دوای ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکەکەی میراتیتان و داگیری دەکەن، ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لەم بەری ڕووباری ئوردون بەرەو ڕۆژهەڵات پێیدان.»
 - 16
 - ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێ کردین جێبەجێی دەکەین و بۆ هەر شوێنێکمان بنێریت دەچین،
 - 17
 - بەپێی هەموو ئەوەی گوێڕایەڵی موسا بووین ئاوا گوێڕایەڵی تۆش دەبین. با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت وەک چۆن لەگەڵ موسا بوو.
 - 18
 - هەرکەسێک یاخی بێت لە فەرمانەکانت و گوێڕایەڵی وشەکانت نەبێت لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ دەکەیت، دەکوژرێت، بەڵام تەنها بەهێز و ئازابە!»
 
- a. 1:4 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن.
 - b. 1:12 هۆزی مەنەشە دابەش ببوون بۆ سەر دوو بەش، هەریەکەیان کەوتبووە لایەکی ڕووباری ئوردون.
 

