عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - لێچوونە گڵاوەکان
 - 1
 - هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
 - 2
 - «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و پێیان بڵێن: ”هەر پیاوێک لێچوونی هەبێت لە ئەندامی نێرینەی[a] ، ئەوا لێچوونەکەی گڵاوە،
 - 3
 - ئەم لێچوونەشی دەبێتە هۆی گڵاوبوونی. ئەگەر ئەندامی نێرینەی لێچوونەکەی بەردەوام بێت یان ڕایگرتبوو، ئەوا گڵاوە.
 - 4
 - «”ئەوەی لێچوونەکەی هەیە لەسەر هەر نوێنێک ڕابکشێت، گڵاو دەبێت، لەسەر هەر شتێکیش دانیشێت، گڵاو دەبێت.
 - 5
 - ئەوەی دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
 - 6
 - هەرکەسێک لەسەر شتێک دابنیشێت کە کابرای لێچوو لەسەری دانیشتبوو، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات، هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
 - 7
 - «”هەرکەسێک دەستی بەر لەشی کابرای لێچوو بکەوێت، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 8
 - «”ئەگەر کابرای لێچوو تفی لە یەکێکی پاک کرد، دەبێت ئەو کەسەی کە پێشتر پاک بووە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
 - 9
 - «”لە کاتی سواریدا زینەکەی ژێری گڵاو دەبێت،
 - 10
 - هەرکەسێکیش دەستی لێ بدات، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوەی هەڵیانبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
 - 11
 - «”هەرکەسێکیش کابرای لێچوو دەستی لێ بدات، بێ ئەوەی دەستی بە ئاو بشوات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
 - 12
 - «”هەر دەفرێکی گڵین کابرای لێچوو دەستی لێ بدات دەشکێنرێت، هەروەها هەر ئامرازێکی داریش بە ئاو دەشۆردرێت.
 - 13
 - «”ئەگەر کابرای لێچوو لە لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت بۆ پاکبوونەوەی و جلەکانی دەشوات و بە ئاوی سازگار خۆی دەشوات، جا پاک دەبێتەوە.
 - 14
 - جا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێت بۆ بەردەم یەزدان بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و دەیاندات بە کاهینەکە.
 - 15
 - کاهینەکە یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە لێچوونەکەی.
 - 16
 - «”ئەگەر پیاوێک تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا هەموو لەشی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت[b] ،
 - 17
 - هەر جلێک یان چەرمێک تۆوی بکەوێتە سەر، دەبێت بە ئاو بشۆردرێت و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 18
 - هەروەها ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەی ڕابکشێت و پیاوەکە تۆوی لێچوو، ئەوا دەبێت هەردووکیان خۆیان بە ئاو بشۆن و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبن.
 - 19
 - «”ئەگەر ژنێک خوێنلێچوونی[c]  هەبوو، ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەرکەسێک دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو[d]  دەبێت.
 - 20
 - «”هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت یان دادەنیشێت لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.
 - 21
 - هەرکەسێکیش دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 22
 - هەرکەسێکیش دەست لە شتێک بدات کە ئەو لەسەری دانیشتبێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت؛
 - 23
 - ئەگەر نوێن بێت یان هەر شتێک کە لەسەری دانیشتووە، هەر کاتێک کەسێکیش دەستی لێ بدات، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 24
 - «”ئەگەر پیاوێکیش لەگەڵی ڕابکشێت، جا لە خوێن لێچوونەکە بەر پیاوەکە بکەوێت، ئەوا پیاوەکە حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت و لەسەر هەر نوێنێکیش ڕابکشێت، گڵاو دەبێت.
 - 25
 - «”ئەگەر ئافرەتێک ماوەیەکی درێژ خوێنی لێچوو[e] ، بێجگە لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، یان ئەگەر دوای کاتی خوێن لێچوونەکەی هەر بەردەوام بوو، ئەوا هەموو ڕۆژانی خوێن لێچوونەکەی وەک کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.
 - 26
 - هەموو نوێنەکەش کە لەسەری ڕادەکشێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی وەک نوێنی ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەیەتی، هەموو ئەو شتانەش کە لەسەری دادەنیشێت، ئەوا گڵاوە وەک گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی.
 - 27
 - هەرکەسێکیش دەستیان لێ بدات، گڵاو دەبێت و پێویستە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
 - 28
 - «”ئەگەر لە خوێن لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژ دەژمێرێت، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە،
 - 29
 - لە ڕۆژی هەشتەم دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەبات و دەیانهێنێتە لای کاهینەکە، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
 - 30
 - ئینجا کاهینەکەش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن. کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گڵاوی خوێن لێچوونەکەی.
 - 31
 - «”جا نەوەی ئیسرائیل جیا بکەنەوە لەو شتانەی گڵاویان دەکات، با لە گڵاویدا نەمرن و نشینگەکەم کە لەنێویاندایە گڵاوی نەکەن.“»
 - 32
 - ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەمانە: ئەو پیاوەی کە لێچوونی هەبێت، ئەوەی تۆوی لێ دێتە دەرەوە و پێی گڵاو دەبێت،
 - 33
 - ئەو ئافرەتەی خوێنلێچوونی مانگانەی هەیە، ئەو پیاوەی یان ئەو ئافرەتەی لێچوونێکی هەیە، ئەو پیاوەش کە لەگەڵ ژنێک کە گڵاو بووبێت ڕابکشێت.
 
- a. 15:2 لێرەدا لێچوونەکەی لە ئەنجامی نەخۆشی گواستراوەیە.
 - b. 15:16 گڵاو دەبێت: واتا لەش پیسبوون، بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی دەبێتە هۆی گڵاوبوون.
 - c. 15:19 لێرەدا باس لە خوێنلێچوونی سروشتی سووڕی مانگانەی ئافرەت دەکات و پێویستی بە کەفارەتکردن نەدەکرد لەلای کاهین.
 - d. 15:19 لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمارد کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو، ئەو ماوەیە ئافرەتەکە بە گڵاو هەژمارد دەکرا. خۆشبەختانە لە پەیمانی نوێ بەهۆی عیسای مەسیحەوە بە پاک دادەنرێت. بڕوانە مەرقۆس 7:17-23.
 - e. 15:25 لێرەدا باس لە خوێنلێچوونی ناسروشتی دەکات کە لە ئافرەتدا هەیە، بۆیە پێویستی بە کەفارەتکردن دەکرد لەلای کاهین.
 

