عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کاهینەکان خزمەتیان دەستپێدەکەن
 - 1
 - لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و
 - 2
 - بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە.
 - 3
 - لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و
 - 4
 - گایەک[a]  و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
 - 5
 - ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان.
 - 6
 - موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
 - 7
 - پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
 - 8
 - ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو.
 - 9
 - کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە.
 - 10
 - پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
 - 11
 - بەڵام کەلاک و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
 - 12
 - ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
 - 13
 - پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
 - 14
 - هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
 - 15
 - ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم.
 - 16
 - هارون بەپێی ڕێوڕەسم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد.
 - 17
 - هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
 - 18
 - گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
 - 19
 - هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە،
 - 20
 - ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا هارون پیوەکەی لەسەر قوربانگاکە سووتاند،
 - 21
 - بەڵام هەروەک موسا فەرمانی دا، بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، دوو سنگەکە و ڕانی ڕاستی بەرز کردەوە.
 - 22
 - ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە.
 - 23
 - ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت.
 - 24
 - ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
 
- a. 9:4 لە زمانی عیبری ئەو وشەیە بۆ نێر و مێ چێڵ و گا بەکاردێت، لێرە و لە ئایەتەکانی 18 و 19. بڕوانە 3:1.
 

