عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دەسەڵاتی عیسا 
1
ڕۆژێکیان عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد و مزگێنیی دەدا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لەگەڵ پیران هاتنە لای،
2
پێیان گوت: «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
3
وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم. پێم بڵێن:
4
لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
5
لەناو خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە،“ دەڵێت، ”بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“
6
ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ هەموو خەڵکەکە بەردبارانمان دەکەن، چونکە دڵنیان کە یەحیا پێغەمبەرە.»
7
وەڵامیان دایەوە کە نازانن لەکوێوەیە.
8
عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
نموونەی ڕەزەوانەکان 
9
ئینجا دەستی کرد بە هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ خەڵکەکە: «کابرایەک ڕەزێکی چاند و بە ڕەزەوانانی سپارد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد.
10
لە‏ وەرزی بەروبووم کۆکردنەوەدا کۆیلەیەکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو لە بەرهەمی ڕەزەکەی بدەنێ، بەڵام ڕەزەوانەکان لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە.
11
کۆیلەیەکی دیکەشی نارد، بەڵام لەمەشیان دا و سووکایەتییان پێکرد و بە دەستبەتاڵی ناردییانەوە.
12
سێیەمیشی نارد، ئەمەیان بریندار کرد و دەریانکرد.
13
«خاوەن ڕەزەکە گوتی: ”چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، لەوانەیە ڕێزی بگرن.“
14
«بەڵام کە ڕەزەوانەکان بینییان، تەگبیریان لەگەڵ یەکتری کرد و گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“
15
ئینجا بردیانە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
«ئیتر دەبێت خاوەنی ڕەزەکە چییان لێ بکات؟
16
دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.»
کاتێک گوێیان لێبوو گوتیان: «خودا نەکات!»
17
ئەویش سەیری کردن و فەرمووی: «کەواتە ئەمەی نووسراوە چییە:
«﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a] ‏﴾[b] ؟
18
ئەوەی بەسەر بەردەکەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
19
لەو کاتەدا مامۆستایانی تەورات و کاهینانی باڵا هەوڵیان دا بیگرن، چونکە زانییان ئەو نموونەیەی لەسەر ئەوان هێنایەوە، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان.
سەرانەدان بە قەیسەر 
20
ئینجا چاودێریی عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا.
21
ئیتر سیخوڕەکان پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت.
22
بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»
23
عیسا کە بە فێڵەکەیانی دەزانی، پێی فەرموون:
24
«دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
گوتیان: «هی قەیسەرە.»
25
ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»
26
ئیتر نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون.
زیندووبوونەوە 
27
هەندێک سەدوقی[c] هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی:
28
«مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.
29
ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد.
30
دووەمیش و
31
سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن.
32
لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.
33
ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
34
عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن،
35
بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن.
36
هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن.
37
تەنانەت موساش لە چیرۆکی دەوەنەکە ڕوونی دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە ﴿خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.﴾[d]
38
ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»
39
هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.»
40
ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
عیسا و داود 
41
عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟
42
داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت:
«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
43
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“﴾[e]
44
ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
ئاگادارکردنەوە لە دووڕوویی ڕابەرانی ئایینی 
45
کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو:
46
«ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە.
47
ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
  1. a. 20‏:17 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
  2. b. 20‏:17 زەبوورەکان 118‏:22‏‏
  3. c. 20‏:27 چینێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو.‏
  4. d. 20‏:37 دەرچوون 3‏:6‏‏
  5. e. 20‏:43 زەبوورەکان 110‏:1‏‏