عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ناپاکی یەهوزا 
1
جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە.
2
کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.
3
شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە.
4
ئەو ڕۆیشت و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد کە چۆن عیسایان ڕادەست بکات.
5
دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ.
6
ئەویش بەمە ڕازی بوو و بەدوای هەلێکدا دەگەڕا تاکو عیسا بداتە دەستیان، کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.
جەژنی پەسخە 
7
ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی[a] تێدا بکرێتە قوربانی.
8
عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»
9
لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»
10
پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت.
11
ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
12
ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»
13
جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
دوایین شێوی مەسیح 
14
کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون.
15
پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم،
16
چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»
17
جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن.
18
پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!»
19
نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
20
بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت.
21
بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە.
22
کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.»
23
ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات.
گەڕان بەدوای پلەوپایە 
24
هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
25
عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن.
26
بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت.
27
کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.
28
ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە.
29
منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم،
30
تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.
لاوازی باوەڕی پەترۆس 
31
«شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات.
32
بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»
33
ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»
34
کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
35
ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟»
گوتیان: «نەخێر.»
36
پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت.
37
من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾[b] پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»
38
گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.»
پێی فەرموون: «بەسە.»
نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون 
39
پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن.
40
کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
41
ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد.
42
فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.»
43
فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد.
44
کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.
45
ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە.
46
پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
گرتنی عیسا 
47
هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات.
48
عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟»
49
ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟»
50
جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی.
51
بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە.
52
پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
53
ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات 
54
ئیتر گرتییان، بردیان و هێنایانە ماڵی سەرۆکی کاهینان. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت.
55
هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو.
56
کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕوانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»
57
بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»
58
دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی و گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»
59
دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو و گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»
60
بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی.
61
مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»
62
ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.
عیسا لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا 
63
ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد.
64
چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟»
65
زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد.
66
کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بانگ کردە ئەنجومەنەکەیان.
67
پێیان گوت: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.»
ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن.
68
ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە.
69
بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ ﴿لە دەستەڕاستی خودای بەتوانا دادەنیشێت.﴾[c] »
70
هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟»
ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.»
71
ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»
  1. a. 22‏:7 قوربانی پەسخە: سەربڕینی بەرخ لە یادی ئەو قوربانییەی لە سەردەمی موسا لە میسردا سەربڕدراوە، بڕوانە دەرچوون 12‏:1‏-28.‏‏
  2. b. 22‏:37 ئیشایا 53‏:12‏‏
  3. c. 22‏:69 زەبوورەکان 110‏:1‏‏