عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - ناپاکی یەهوزا
 - 1
 - جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە.
 - 2
 - کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.
 - 3
 - شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە.
 - 4
 - ئەو ڕۆیشت و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد کە چۆن عیسایان ڕادەست بکات.
 - 5
 - دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ.
 - 6
 - ئەویش بەمە ڕازی بوو و بەدوای هەلێکدا دەگەڕا تاکو عیسا بداتە دەستیان، کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.
 - جەژنی پەسخە
 - 7
 - ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی[a] تێدا بکرێتە قوربانی.
 - 8
 - عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»
 - 9
 - لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»
 - 10
 - پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت.
 - 11
 - ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“
 - 12
 - ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»
 - 13
 - جا ڕۆیشتن، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
 - دوایین شێوی مەسیح
 - 14
 - کە کاتی نانخواردن هات، عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون.
 - 15
 - پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازارچێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم،
 - 16
 - چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»
 - 17
 - جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن.
 - 18
 - پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!»
 - 19
 - نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»
 - 20
 - بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت.
 - 21
 - بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە.
 - 22
 - کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.»
 - 23
 - ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات.
 - گەڕان بەدوای پلەوپایە
 - 24
 - هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
 - 25
 - عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکانی دیکە فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن.
 - 26
 - بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەش کە ڕابەرایەتی دەکات وەک خزمەتکار بێت.
 - 27
 - کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.
 - 28
 - ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە.
 - 29
 - منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم،
 - 30
 - تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.
 - لاوازی باوەڕی پەترۆس
 - 31
 - «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات.
 - 32
 - بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»
 - 33
 - ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»
 - 34
 - کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
 - 35
 - ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟»
گوتیان: «نەخێر.» - 36
 - پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت.
 - 37
 - من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا،﴾[b]  پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»
 - 38
 - گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.»
پێی فەرموون: «بەسە.» - نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون
 - 39
 - پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن.
 - 40
 - کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
 - 41
 - ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوور کەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد.
 - 42
 - فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.»
 - 43
 - فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد.
 - 44
 - کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.
 - 45
 - ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە.
 - 46
 - پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە.»
 - گرتنی عیسا
 - 47
 - هێشتا ئەو قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەو کەسەش کە پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتبوو، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات.
 - 48
 - عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟»
 - 49
 - ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟»
 - 50
 - جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی ڕاستی بڕی.
 - 51
 - بەڵام عیسا فەرمووی: «ئیدی بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە.
 - 52
 - پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟
 - 53
 - ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»
 - پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات
 - 54
 - ئیتر گرتییان، بردیان و هێنایانە ماڵی سەرۆکی کاهینان. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت.
 - 55
 - هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو.
 - 56
 - کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕوانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»
 - 57
 - بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»
 - 58
 - دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی و گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»
 - 59
 - دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو و گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»
 - 60
 - بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی.
 - 61
 - مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.»
 - 62
 - ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.
 - عیسا لەبەردەم ئەنجومەنی باڵا
 - 63
 - ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد.
 - 64
 - چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟»
 - 65
 - زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد.
 - 66
 - کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بانگ کردە ئەنجومەنەکەیان.
 - 67
 - پێیان گوت: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.»
ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن. - 68
 - ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە.
 - 69
 - بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ ﴿لە دەستەڕاستی خودای بەتوانا دادەنیشێت.﴾[c] »
 - 70
 - هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟»
ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.» - 71
 - ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»
 
- a. 22:7 قوربانی پەسخە: سەربڕینی بەرخ لە یادی ئەو قوربانییەی لە سەردەمی موسا لە میسردا سەربڕدراوە، بڕوانە دەرچوون 12:1-28.
 - b. 22:37 ئیشایا 53:12
 - c. 22:69 زەبوورەکان 110:1
 

