عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
 - 1
 - ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس.
 - 2
 - دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد و دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»
 - 3
 - پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟»
وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» - 4
 - پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»
 - 5
 - بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»
 - 6
 - کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە.
 - 7
 - کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.
 - 8
 - کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت.
 - 9
 - جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە.
 - 10
 - کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد.
 - 11
 - هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس.
 - 12
 - پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.
 - بڕیاری لەخاچدانی عیسا
 - 13
 - پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و
 - 14
 - پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن.
 - 15
 - نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت.
 - 16
 - لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» {
 - 17
 - ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.}
 - 18
 - بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!»
 - 19
 - ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدابوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.
 - 20
 - پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات.
 - 21
 - بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»
 - 22
 - بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ من تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»
 - 23
 - بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت.
 - 24
 - پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت.
 - 25
 - ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.
 - لە ڕێگای لەخاچدان
 - 26
 - کاتێک بردیان، شیمۆنی کورێنییان[a] گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت.
 - 27
 - خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان.
 - 28
 - عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن.
 - 29
 - ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە.
 - 30
 - ئەو کاتە
«﴿بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“
بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“﴾[b] - 31
 - ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟»
 - لەخاچدان
 - 32
 - دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن.
 - 33
 - کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
 - 34
 - عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.
 - 35
 - خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!»
 - 36
 - سەربازانیش دەهاتنە لای و گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا و
 - 37
 - دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!»
 - 38
 - تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو،
«ئەمە پاشای جولەکەیە.» - 39
 - یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.»
 - 40
 - بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟
 - 41
 - سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەم پیاوە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.»
 - 42
 - ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.»
 - 43
 - پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»
 - مردنی عیسا
 - 44
 - نزیکی کاتژمێر دوازدە[c] ، هەتا کاتژمێر سێ[d] تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا،
 - 45
 - چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
 - 46
 - عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.
 - 47
 - سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد و گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە بێتاوان بوو.»
 - 48
 - هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە.
 - 49
 - بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.
 - ناشتنی عیسا
 - 50
 - ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو،
 - 51
 - لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو.
 - 52
 - ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
 - 53
 - دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە تاشەبەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو.
 - 54
 - ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە.
 - 55
 - ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا.
 - 56
 - ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە[e]  پشوویان دا.
 
- a. 23:26 شارێکی یۆنانی بوو کە دەکەوێتە ناو وڵاتی لیبیای ئێستا.
 - b. 23:30 هۆشەع 10:8
 - c. 23:44 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.
 - d. 23:44 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.
 - e. 23:56 مەبەست لە تەوراتی موسایە، بڕوانە دەرچوون 20:8-11.
 

