عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - نموونەی جوتیارێک
 - 1
 - دوای ئەمە عیسا بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا و مزگێنی پاشایەتی خودای ڕادەگەیاند، دوازدە قوتابییەکەشی لەگەڵ بوو.
 - 2
 - چەند ئافرەتێکیش کە لە ڕۆحی پیس و نەخۆشی چاکببوونەوە: مریەم کە بە مەجدەلی ناودەبردرا و حەوت ڕۆحی پیسی لێ دەرکردبوو،
 - 3
 - یوەنای ژنی خوزای بریکاری هێرۆدس، سەوسەن و زۆری دیکەش، بە ماڵی خۆیان یارمەتییان دەدان.
 - 4
 - کاتێک خەڵکێکی ئێجگار زۆر لە هەموو شارەکانەوە هاتن بۆ لای عیسا و کۆبوونەوە، بە نموونە قسەی بۆ کردن:
 - 5
 - «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا و پێشێل بوون، باڵندەی ئاسمان خواردیانن.
 - 6
 - هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان، سەریان دەرکرد و وشک بوون، چونکە خاکەکە شێی نەبوو.
 - 7
 - هەندێکیش کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان لەگەڵیان گەشەیان کرد و خنکاندیانن.
 - 8
 - هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و سەد ئەوەندە بەرهەمیان دا.»
ئەمانەی فەرموو و هاواری کرد: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!» - ڕوونکردنەوەی نموونەی جوتیارەکە
 - 9
 - قوتابییەکانی لێیان پرسی کە مەبەست لەم نموونەیە چی بوو؟
 - 10
 - ئەویش فەرمووی: «بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی خودا بزانن، بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم بۆ ئەوەی
«﴿سەیر بکەن، بەڵام نەبینن و
گوێ بگرن، بەڵام تێنەگەن.﴾[a] - 11
 - «ئەمە مەبەستی نموونەکەیە: تۆوەکە پەیامی خودایە.
 - 12
 - ئەوانەی سەر ڕێگاکە ئەوانەن کە گوێیان لێبوو، ئینجا ئیبلیس دێت و پەیامەکە لە دڵیان دەبات، نەوەک باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت.
 - 13
 - ئەوانەش کە کەوتنە سەر زەوییە بەردەڵانەکە، ئەوانەن کە پەیامەکە بە خۆشییەوە وەردەگرن کاتێک دەیبیستن، بەڵام ڕەگیان نییە و تاکو ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، بەڵام کاتێک تاقی دەکرێنەوە، دەکەون.
 - 14
 - ئەوانەی کەوتنە ناو دڕکەکان، ئەوانەن کە دەیبیستن، بە خەفەت و سامان و خۆشییەکانی ژیان دەخنکێن، بەرهەمی پێگەیشتوو نادەن.
 - 15
 - بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە چاکەکە، ئەوانەن کە بە دڵێکی چاک و باشەوە دەبیستن، پەیامەکە لە دڵیاندا دەپارێزن و بە خۆڕاگرییەوە بەرهەم دەدەن.
 - ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن
 - 16
 - «کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن،
 - 17
 - چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت.
 - 18
 - کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.»
 - خێزانی ڕاستەقینەی عیسا
 - 19
 - ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای.
 - 20
 - پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.»
 - 21
 - وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
 - عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە
 - 22
 - ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن.
 - 23
 - کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە.
 - 24
 - جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!»
ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە. - 25
 - ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟»
ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.» - دەرکردنی ڕۆحی پیس
 - 26
 - ئینجا بەرەو هەرێمی گەراسین ڕۆیشتن، کە بەرامبەر جەلیلە.
 - 27
 - کاتێک عیسا دابەزیە سەر وشکانی، پیاوێکی ئەو شارەی تووش بوو کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، دەمێک بوو جلی لەبەر نەدەکرد و لە ماڵدا نەدەژیا، بەڵکو لە گۆڕستان دەژیا.
 - 28
 - کە عیسای بینی، هاواری کرد و لەبەردەمی کەوت، بە دەنگی بەرز گوتی: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم نەدەی!»
 - 29
 - چونکە عیسا فەرمانی بە ڕۆحە پیسەکە دابوو لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار ڕۆحە پیسەکە دەیگرت، هەرچەندە بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە و چاودێری دەکرا، بەڵام کۆتەکانی دەشکاند و ڕۆحی پیس بەرەو چۆڵەوانی دەیبرد.
 - 30
 - عیسا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
گوتی: «لێگیۆن،[b] » چونکە زۆر ڕۆحی پیسی تێچووبوو. - 31
 - لێی دەپاڕانەوە نەوەک فەرمانیان پێ بکات بەرەو بیری بێ بن[c]  بڕۆن.
 - 32
 - لەوێ ڕانە بەرازێکی زۆر لە شاخ دەلەوەڕان، لێی پاڕانەوە کە ڕێیان بدات بچنە ناویانەوە، ئەویش ڕێی پێدان.
 - 33
 - ڕۆحە پیسەکان لە پیاوەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکانەوە، ڕانەکەش لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
 - 34
 - کاتێک شوانەکان ئەم ڕووداوەیان بینی، ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان.
 - 35
 - ئینجا خەڵکەکە چوون تاکو ئەوەی ڕوویداوە بیبینن. کاتێک هاتنە لای عیسا و بینییان ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرچووبوو پۆشتەیە و ئاقڵە و لەبەرپێی عیسا دانیشتووە، ئیتر ترسان.
 - 36
 - ئەوانەی بینیبوویان بۆ خەڵکەکەیان گێڕایەوە، چۆن ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو چاک بووەتەوە.
 - 37
 - هەموو کۆمەڵانی هەرێمی گەراسین داوایان لە عیسا کرد لەلایان بڕوات، چونکە ترسێکی زۆریان لێ نیشتبوو. ئەویش سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە.
 - 38
 - ئەو پیاوەی ڕۆحە پیسەکانی لێ دەرکرابوو، لێی دەپاڕایەوە کە لەگەڵی بێت، بەڵام عیسا ڕەوانەی کرد و فەرمووی:
 - 39
 - «بۆ ماڵی خۆت بگەڕێوە و ئەوەی خودا بۆی کردی، بیگێڕەوە.» ئەویش ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە عیسا چی بۆ کردبوو.
 - زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک
 - 40
 - کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد.
 - 41
 - پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی،
 - 42
 - چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو.
کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەخستە سەری. - 43
 - ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە.
 - 44
 - جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا.
 - 45
 - عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟»
کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.» - 46
 - بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.»
 - 47
 - ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە.
 - 48
 - عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.»
 - 49
 - هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
 - 50
 - عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.»
 - 51
 - کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت.
 - 52
 - هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
 - 53
 - خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە.
 - 54
 - بەڵام عیسا دەستی کچەکەی گرت، بانگی کرد و فەرمووی: «کیژۆڵە، هەستە!»
 - 55
 - ئیتر ڕۆحی هاتەوە بەر و دەستبەجێ هەستا، ئەوسا فەرمانی دا نانی بدەنێ.
 - 56
 - دایک و باوکی سەریان سوڕما، بەڵام ڕایسپاردن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.
 
- a. 8:10 ئیشایا 6:9
 - b. 8:30 لێگیۆن: لەشکر
 - c. 8:31 یۆنانی: \+tl ئەبیسۆس\+tl*. شوێنێکی زۆر قووڵە، ڕۆحی پیس و مردووانی تێدا بەند دەکرێت.
 

