عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاگادارکردنەوە بۆ کاهینەکان 
1
«ئێستاش، ئەی کاهینەکان، ئەم ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئێوەیە:
2
ئەگەر گوێ نەگرن و ئەگەر مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوەکەم بگرن، نەفرەت دەنێرمە سەرتان و نەفرەت لە بەرەکەتەکانتان دەکەم. بەڵکو لەڕاستیدا نەفرەتم لێکردوون، چونکە مکوڕ نین لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوی من بگرن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
3
«لە بەر ئێوە نەوەکانتان سەرزەنشت دەکەم، ڕیخی قوربانی جەژنەکانتان بە دەموچاوتاندا دەکەم، جا لەگەڵیدا فڕێدەدرێن.
4
ئینجا دەزانن کە من ئەم ئاگادارکردنەوەیەم بۆ ئێوە نارد، بۆ ئەوەی پەیمانەکەم لەگەڵ لێڤی بەردەوام بێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
5
«پەیمانەکەم لەگەڵی بۆ ژیان و ئاشتی بوو، جا هەردووکیانم پێدا، بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرێت. ڕێزی لێم گرت و لە ناوەکەم ترسا.
6
فێرکردنی ڕاست لەسەر زاری بوو، ناڕەوایی لەسەر لێوەکانی نەبوو. بە ئاشتی و بە ڕێکی دۆستایەتی لەگەڵم کرد و خەڵکێکی زۆریشی لە خراپە گەڕاندەوە.
7
«لەبەر ئەوەی دەبێت لێوەکانی کاهین زانین بپارێزن، خەڵک دێنە لای بۆ ئەوەی لە دەمی ئەو فێرکردنەکە بزانن، چونکە ئەو نێردراوی یەزدانی سوپاسالارە.
8
بەڵام ئێوە لە ڕێگاکە لاتاندا و فێرکردنەکانتان بۆ زۆر کەس بووە کۆسپ، پەیمانی لێڤیشتان شکاند.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
9
«لەبەر ئەوە من لەلای هەموو گەلەکە ڕیسوام کردن و سووکایەتیم پێکردن، چونکە ڕێگاکانی منتان نەگرتەبەر و لایەنگریتان کرد لە جێبەجێکردنی فێرکردنەکە.»
ناپاکی یەهودا 
10
ئایا هەموومان یەک باوکمان نییە؟ ئایا یەک خودا بەدیی نەهێناوین؟ ئیتر بۆچی بە ناپاکی لەگەڵ یەکتری پەیمانی باوباپیرانمان دەشکێنین؟
11
یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست.
12
هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.
13
شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت.
14
ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.
15
ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.
16
یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ئەو پیاوەی کە ڕقی لە ژنەکەیەتی و تەڵاقی دەدات، توندوتیژی بەرامبەر بە کەسێک دەکات کە لەڕاستیدا دەبێت بیپارێزێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ئینجا بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی مەکەن.
ڕۆژی حوکمدان 
17
بە قسەکانتان یەزدانتان ماندوو کرد.
ئێوە دەپرسن: «بە چی ماندوومان کرد؟»
بەوەی کە گوتتان: «ئەوەی خراپە بکات، لەبەرچاوی یەزدان چاکە، ئەو بەوان دڵخۆشە،» یان «خودای دادپەروەری لەکوێیە؟»