عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«من نێردراوی خۆم دەنێرم، ئەوەی ڕێگاکەی پێشم بۆ ئامادە دەکات. لەناکاو ئەو پەروەردگارەی کە ئێوە داوای دەکەن، دێتە ناو پەرستگاکەی؛ بێگومان نێردراوەکەی پەیمانیش دێت کە دڵتان پێی خۆشە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
2
«بەڵام کێ بەرگەی ڕۆژی هاتنی دەگرێت؟ کێ خۆی ڕادەگرێت لە دەرکەوتنی؟ چونکە ئەو وەک ئاگری پاڵاوگە و وەک سابوونی جل شوشتنە.
3
وەک پاڵێوەر و بێگەردکاری زیو دادەنیشێت، نەوەی لێڤی پاک دەکاتەوە و وەک زێڕ و زیو دەیپاڵێوێت. ئینجا یەزدان خەڵکێکی دەبێت کە بە ڕاستودروستی قوربانی پێشکەش دەکەن.
4
ئیتر قوربانی یەهودا و ئۆرشەلیم لەلای یەزدان قبوڵ دەبێت، هەروەک ڕۆژانی دێرین، ساڵانی ڕابردوو.
5
«ئینجا بۆ دادگاییکردن دێمە لاتان. خێرا دەبمە شایەت لەسەر سیحرباز و داوێنپیسان، لەسەر ئەوانەی بە درۆ سوێند دەخۆن، لەسەر ئەوانەی پارەی کرێکار دەخۆن، لەسەر ئەوانەی مافی بێوەژن و هەتیو زەوت دەکەن، لەسەر ئەوانەی دەست بە ڕووی کەسی نامۆوە دەنێن و لە من ناترسن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
تاڵانکردنی خودا 
6
«من یەزدانم، ناگۆڕێم، ئیتر ئەی نەوەی یاقوب، ئێوە لەناو نەچوون.
7
لە سەردەمی باوباپیرانتانەوە لە فەرزەکانم لاتان داوە و بەجێتان نەهێناوە. بگەڕێنەوە لام، منیش دەگەڕێمەوە لاتان.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
«بەڵام ئێوە دەپرسن: ”چۆن بگەڕێینەوە؟“
8
«ئایا مرۆڤ خودا تاڵان دەکات؟ چونکە ئێوە تاڵانتان کردم!
«بەڵام ئێوە گوتتان: ”چۆن تاڵانمان کردی؟“
«لە دەیەک و قوربانییەکان تاڵانتان کردم.
9
ئێوە، تەواوی ئەم نەتەوەیە، نەفرەتتان لێکراوە، چونکە تاڵانم دەکەن.»
10
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «تاقیم بکەنەوە: هەموو دەیەکەکان بۆ ماڵی خەزینە بهێنن، تاکو لە پەرستگاکەم خواردن هەبێت. ئینجا بزانن چۆن پەنجەرەکانی ئاسمانتان بۆ دەکەمەوە و بەرەکەت بەسەرتاندا دەبارێنم، هەتا جێ نەبێت تێی بکەن.
11
لەبەر ئێوە ڕێ لە مێروو دەگرم، هەتا بەروبوومی زەوییەکەتان تێکنەدات، دار مێوتان لە کێڵگە بێ بەر نەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12
«ئینجا هەموو نەتەوەکان خۆزگەتان پێ دەخوازن، چونکە خاکەکەتان دەبێتە خاکی شادی.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
13
یەزدان دەفەرموێت: «قسەکانتان لەسەر من ڕەق بوون.»
«ئێوەش دەپرسن: ”چیمان لەسەر تۆ گوتووە؟“
14
«ئێوە گوتتان: ”خواپەرستی بێهوودەیە. چ سوودێکی هەبوو کە فەرمانەکانی ئەومان پاراستووە و بە خەمبارییەوە لەبەردەم یەزدانی سوپاسالار ژیانمان گوزەراندووە؟
15
بەڵام ئێستا ئێمە خۆزگە بە لووتبەرزان دەخوازین. هەروەها بەدکاران سەردەکەون، تەنانەت ئەوانەی خودا تاقی دەکەنەوە، دەرباز دەبن.“»
16
ئینجا ئەوانەی لە یەزدان دەترسان قسەیان لەگەڵ یەکتری کرد، یەزدانیش گوێی شل کرد و گوێی لێبوو. لەبەردەمیدا لە پێچراوەیەک تۆمار کرا، بۆ ئەوەی ببێتە یادەوەرییەک بۆ ئەوانەی لە یەزدان دەترسن و ڕێز لە ناوەکەی دەگرن.
17
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەوانە دەبنە هی من، لەو ڕۆژە دەبنە گەنجینەیەکی تایبەتی من. بەزەییم پێیاندا دێتەوە وەک چۆن پیاو بەزەیی بە کوڕەکەی دێتەوە کە خزمەتی دەکات.
18
ئینجا دیسان جیاوازی لەنێوان ڕاستودروستان و خراپەکاراندا دەبینن، لەنێوان ئەوانەی خودا دەپەرستن و ئەوانەی نایپەرستن.»