عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
 - 1
 - ئینجا عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو، چاکی بکەنەوە.
 - 2
 - ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە:
یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای؛
یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای؛ - 3
 - فیلیپۆس و بەرتۆلماوس؛
تۆماس و مەتای باجگر؛
یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس؛ - 4
 - شیمۆنی کانەوی[a]  و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
 - عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
 - 5
 - عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای ناجولەکەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان،
 - 6
 - بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل.
 - 7
 - کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“
 - 8
 - نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.
 - 9
 - «زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن،
 - 10
 - نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
 - 11
 - چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە.
 - 12
 - کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن.
 - 13
 - ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە.
 - 14
 - ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن.
 - 15
 - ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای خاکی سەدۆم و عەمۆرا لە هی ئەم شارە سووکتر دەبێت.
 - 16
 - «من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
 - 17
 - لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن،
 - 18
 - لە پێناوی مندا دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان، وەک شایەتی بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش.
 - 19
 - کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن لەوەی کە چی بڵێن و چۆن بیڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن،
 - 20
 - لەبەر ئەوەی ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
 - 21
 - «برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.
 - 22
 - لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.
 - 23
 - کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ[b] .
 - مەترسن
 - 24
 - «قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە.
 - 25
 - بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعلزەبول“[c]  ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
 - 26
 - «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
 - 27
 - ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕایبگەیەنن.
 - 28
 - لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت.
 - 29
 - ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی.
 - 30
 - ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە.
 - 31
 - کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
 - 32
 - «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم.
 - 33
 - بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.
 - ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
 - 34
 - «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر![d]
 - 35
 - چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«﴿کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی، - 36
 - دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.﴾[e] 
 - 37
 - «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە.
 - 38
 - ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە.
 - 39
 - ئەوەی دەست بە ژیانییەوە بگرێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لە پێناوی من بدۆڕێنێت، بەدەستی دەهێنێت.
 - 40
 - «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە.
 - 41
 - ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت.
 - 42
 - ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»
 
- a. 10:4 کانەوی پارتێکی نەتەوەیی ڕادیکالی جولەکە بوو، شیمۆنیش سەر بەو پارتە بوو. بڕوانە لۆقا 6:15.
 - b. 10:23 هاتنی کوڕی مرۆڤ: زۆربەی شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لێرەدا مەبەست لە هاتنەوەی عیسایە لە ڕۆژی دوایی.
 - c. 10:25 بەعلزەبول: خوداوەندی شاری عەقرون بوو لە فەلەستین، بە واتای شەیتان دێت.
 - d. 10:34 واتا بەهۆی هاتنی مەسیح، خەڵک دژایەتی قوتابییەکانی دەکەن.
 - e. 10:36 میخا 7:6
 

