عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاگادارکردنەوە لە دووڕوویی ڕابەرانی ئایینی 
1
پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی
2
فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن.
3
لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان باسی شتێک دەکەن، بەڵام خۆیان کاری پێ ناکەن.
4
باری قورس و گران دەپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان بدەن.
5
«هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان[a] .
6
حەز دەکەن لە میوانیدا لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش لە ڕیزی پێشەوە دابنیشن،
7
لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی[b] “ بانگیان بکەن.
8
«بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران.
9
کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە.
10
با بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە.
11
ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان.
12
ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.
دووڕوویی فەریسییەکان 
13
«بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرگای شانشینی ئاسمان بە ڕووی خەڵکدا دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.
14
{«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن[c] هەڵدەلووشن، بۆ خۆدەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.}
15
«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.
16
«قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“
17
ئەی گێل و کوێرینە! کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟
18
هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا دەبێت سوێندەکەی بباتەسەر.“
19
ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟
20
بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی.
21
ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە.
22
ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.
23
«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت[d] و زیرە دەدەن بەڵام ڕاسپاردە گرنگەکانی تەورات وەکو دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزیتان پشتگوێ خستووە. پێویست بوو ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن.
24
ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە شلەمەنی لە مێشوولە دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!
25
«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چاوچنۆکی و بەڕەڵایی.
26
ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.
27
«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک.
28
ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناختان پڕە لە دووڕوویی و خراپە.
29
«قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و
30
دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“
31
کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە نەوەی بکوژانی پێغەمبەرانن.
32
جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!
33
«ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟
34
لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، هەندێکی دیکەیان لە کەنیشتەکانتان بەر قامچی دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن.
35
لەبەر ئەوە خوێنی هەموو پیاوچاکان کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان.
36
ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»
خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم 
37
«ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست.
38
ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ!
39
پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.﴾[e] »
  1. a. 23‏:5 بڕوانە پەڕتووکی سەرژمێری 15‏:37‏-40.‏‏
  2. b. 23‏:7 ڕابی: وشەیەکی عیبرییە بە واتای مامۆستا دێت.‏
  3. c. 23‏:14 لە کتێبی پیرۆزدا بێوەژن مەبەست لەو ئافرەتانەیە کە مێردیان مردووە.‏
  4. d. 23‏:23 شبیت.‏
  5. e. 23‏:39 زەبوورەکان 118‏:26‏‏