عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - زیندووبوونەوەی عیسا
 - 1
 - دوای شەممە لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن.
 - 2
 - لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی یەزدان لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، چوو بەردەکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت.
 - 3
 - ڕوخساری وەک بروسکە وابوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون.
 - 4
 - پاسەوانەکان لە ترسی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێ هات.
 - 5
 - بەڵام فریشتەکە بە ژنەکانی گوت: «مەترسن، چونکە دەزانم بە شوێن عیسای لەخاچدراودا دەگەڕێن.
 - 6
 - ئەو لێرە نییە، هەروەک خۆی فەرمووی، هەستاوەتەوە. وەرن سەیری ئەو شوێنە بکەن کە لێی درێژکرابوو.
 - 7
 - خێرا بڕۆن و بە قوتابییەکانی بڵێن: ”ئەو لەنێو مردوواندا هەستاوەتەوە، پێش ئێوە دەچێتە جەلیل، لەوێ دەیبینن.“ ئەوەتا پێم گوتن.»
 - 8
 - دوو ژنەکە خێرا لەلای گۆڕەکە ڕۆیشتن، بە ترس و خۆشییەکی گەورەوە ڕایانکرد، بۆ ئەوەی هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی.
 - 9
 - ئەوە بوو عیسا تووشیان هات و فەرمووی: «سڵاو!» ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد.
 - 10
 - عیسا پێی فەرموون: «مەترسن، بڕۆن بە براکانم بڵێن با بچنە جەلیل، لەوێ دەمبینن.»
 - قسەی پاسەوانەکان
 - 11
 - کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە ناو شار و ئەوەی ڕوویدابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە.
 - 12
 - ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان و
 - 13
 - گوتیان: «بڵێن، ”کاتێک ئێمە خەوتبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان.“
 - 14
 - ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕازی دەکەین و لە کێشە و گرفت دەتانپارێزین.»
 - 15
 - ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، وایانکرد، ئیتر ئەم قسەیە هەتا ئەمڕۆش لەناو جولەکەدا بڵاو بووەتەوە.
 - دەرکەوتنی عیسا بۆ قوتابییەکان
 - 16
 - ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون.
 - 17
 - کاتێک ئەویان بینی کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد.
 - 18
 - عیسا لێیان نزیک بووەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ.
 - 19
 - کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن،
 - 20
 - فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.»
 

