عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەڵێنی دەرکەوتنی فەرمانڕەوایەک لە بێت‌لەحمەوە 
1
ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.
2
«بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە،
هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی[a] یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
لە ئەزەلەوەیە.»
3
لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.
4
جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
بە هێزی یەزدان،
بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.
5
ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
لەگەڵ هەشت میر.
6
بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.
7
پاشماوەی یاقوب لەنێو چەندین گەل دەبێت،
وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
8
پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
لەنێو چەندین گەل،
وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
9
دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.
10
یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
گالیسکەکانت تێک دەشکێنم.
11
شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
12
ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
13
بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت[b] لە ناوەڕاستت،
ئیتر کڕنۆش نابەیت
بۆ دەستکردی دەستەکانت.
14
ستوونە ئەشێراکانت[c] لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
شارەکانت وێران دەکەم.
15
بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»
  1. a. 5‏:2 یان: هۆزەکانی یەهودا.‏
  2. b. 5‏:13 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏
  3. c. 5‏:14 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏‏.‏